ئیسپانیاگرنگترین

کارلۆ ئانجێلۆتی داهاتووی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

بڕیارێکی داوە و پێناچێت پەشیمان ببێتەوە

Yariga App

یاریگا –

کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید پێشبینی دەکات، ریال دوا یانەی وێستگەی راهێنەرایەتی بێت.

ئانچێلۆتی گرێبەستەکەی تاوەکو دوو ساڵی دیکە لە مەدرید نوێکردووەتەوە، هەرچەندە یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، هەوڵی زۆری بۆ رازیکردنی ئانچێلۆتیدا، بەڵام کارلۆ مانەوەی لە مەدرید راگەیاند.

راهێنەرە ئیتاڵییەکە بەشداری لە پۆدکاستی جۆن ئۆبی میکێل، یاریزانی پێشووی چێڵسیدا کرد و روونیکردەوە، بۆ راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردە نەخرۆشاوە؛

بەگوێرەی تێگەیشتنی ئێستام، ریال مەدرید دوا یانەیە راهێنەرایەتی بکەم. نازانم ئەگەر هیچ دەرفەتێک بۆ راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەیەک بهێتە پێشەوە. بەڵام زۆر خرۆشاو نیم، ببمە راهێنەری هەڵبژاردەیەک، چونکە شتێکی گرنگ لەدەستدەدەم، ئەویش رکابەری رۆژانەیە و ئێستا زۆر چێژ لە کارەکەم وەردەگرم. ئەمە 29مین وەرزی من وەک راهێنەر، راستە زۆر نازناوم بەدەستهێناوە، بەڵام زۆر نازناویشم لەدەستداوە.

راهێنەری پێشووی ئەیسی میلان، چێڵسی، پاریس سانجێرمان و بایرن میونش لەبارەی شوێنی یاریکردنی کیلیان ئێمباپێ روونیکردەوە

ئەوەی یەکلاییکراوەتەوە، ئێمباپێ لە هێڵی پێشەوە یاری دەکات، بەڵام هێڵی پێشەوە زۆر فراوانە و گۆڕانکاری لە شوێنی یاریکردنی یاریزانانی پێشەوە دەکەین، ئەگەر باسی شوێنی یاریکردنی ڤینیسیۆس لە وەرزی رابردوودا بکەین، زۆر ئاڵۆزە، چونکە وەک هێرشبەری باڵی چەپ، راست و لە ناوەڕاست یاریکردووە، پێم وایە فرەشوێنی هێرشبەران زۆر گرنگە، وەرزی رابردوو، بێڵینگهام لە شوێنی جیاواز یاری دەکرد و ئەمەش بژاردەکانی بەردەممان زیاتر دەکات. من ئازادییەکی زۆر بە یاریزانان دەدەم و دەبێ بزانن چۆن مامەڵە بکەن. تاوەکو ئێستا قسەم لەگەڵ ئێمباپێ نەکردووە کە لە کام شوێن یاری دەکات، بەڵام پێم وایە ئەویش هاوڕایە لە شوێنی جیاوازی هێڵی پێشەوە یاری دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئانچێلۆتی باسی پەیوەندیی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید کرد

پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ فلۆرێنتینۆ هەیە و رۆژانە قسە لەسەر گۆڕانکاری و گواستنەوەی یاریزانان دەکەین، تەنانەت بە تەلەفۆن باس لە پێویستییەکانی یانە دەکەین، منیش بەردەوام ئامۆژگارییان دەکەم. بەڕاستی لە پێنج شەش ساڵی رابردوودا، گرێبەستی زۆر گەورەیان واژۆکردووە.

ئانچێلۆتی یەکەم راهێنەرە بتوانێت نازناو لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا بەدەستبهێنێت.

راهێنەرە ئیتاڵییەکە، یەکێکە لە سەرکەوتووترین راهێنەرانی مێژوو و تەنیا لەگەڵ ریال مەدرید، سێ جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە و لەگەڵ ئەیسی میلانیش دوو جار بووەتە پاڵەوانی ئەوروپا.

بابەتی زیاتر

Back to top button