ئیتاڵیاگرنگترین

هەڵوێستی جوانی ئەیسی میلان هەمووان سەرسام دەکات

"دایک هەمووشتێکە"

Yariga App

یاریگا –

ئەیسی میلان وەک یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێدا سیاسەتێکی جوان لەگەڵ خانمە یاریزانەکانی پەیڕەو دەکات.

ماڵپەڕی فەرمی ئەیسی میلان بڵاویکردووەتەوە، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریانداوە هەر خانمە یاریزانێکی یانەکە لە کۆتا ساڵی گرێبەستەکەی دووگیان ببێت ئەوا راستەوخۆ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە نوێدەکرێتەوە.

میلان یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێ ئەم هەنگاوە دەنێت، ئامانجیشی دڵنایادانە بە خانمان دەتوانن لەپاڵ یاریکردن ژیانی ئاسایی خۆیان بژین، منداڵیان ببێت و خێزان پێکبهێنن.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی FIFPRO  تەنیا %2ـی خانمە یاریزانەکان لەدوای منداڵبوون بەشێوەیەکی ئاسایی لە یاریکردن بەردەوامدەبن. و %47ـیان دوای منداڵبوون راستەوخۆ واز لە یاریکردن دەهێنن و گرنگی بە منداڵ و خێزانەکەیان دەدەن.

میلان دەیەوێت گۆڕانکاری گەورە دروست بکات، ئامانجیەتی پشتگیری خانمە یاریزانان بکات لەدوای منداڵبوونیش لەیاریکردن بەردەوامبن، ژینگەیەکی گونجاو بۆ خودی یاریزانەکە و منداڵەکەش بنیاد دەنین.

نوێکردنەوەی گرێبەست؛ هەر یاریزانێک لە کۆتا ساڵی گرێبەستەکەی دووگیان ببێت راستەوخۆ گرێبەستەکەی بە هەمان مەرجە داراییەکان نوێدەکرێتەوە و هیچ پڕە پارەیەک لە مووچەکەشی کەم ناکات.

یارمەتیدان لە چاودێریکردنی منداڵان؛ میلان پێداویستی تایبەت بۆ منداڵەکە دابین دەکات، لە کاتی چالاکییە وەرزشییەکان و گەشتکردن بۆ وڵاتێکی دیکە بۆ یاریکردن شوێنی نیشتەجێبوون و تێچووی گەشتەکە و تەواوی خەرجییەکانی دیکە و تێچووی دابینکردنی کەسێکیش بۆ چاودێریکردنی منداڵەکە لەئەستۆ دەگرێت.

جیا لەوەش یانە ئیتالییەکە بڕیاریداوە لەکاتی دووگیانبوونی دایکەکە تا دوای لەدایکبوونی منداڵەکەش لەسەر تێچووی خۆی چاودێری چڕی دۆخی تەندرووستی دایک و منداڵەکە بکات و سیستەمێلکی خۆراکی گونجاو و پێداویستی پزیشکییان بۆ دابین بکات.

ئەم هەڵوێستەی میلان لە شەقامی وەرزشی پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە و هەمووان ستایشی دەکەن و هیواخوازن یانەکانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن.

خانمانی ئەیسی میلان

بابەتی زیاتر

Back to top button