بڕوا بکەی یان نا؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ئۆڵێمپیادی پاریس بەشدارە
وەرزشوانەکان لاسایی ئاهەنگگێڕانی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە دەکەنەوە
یاریگا –
گەرچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریسی نەکردووە، بەڵام چەند وەرزشوانێک لە یارییە جیاوازەکان دوای ئەوەی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لەسەر شێوازی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکەی یانەی نەسڕی سعوودی ئاهەنگیان گێڕا، دۆن بووەتە ئامادەبووێکی ونبووی ئۆڵێمپیادی 2024.
برایان دانیێل پینتادۆ یاریزانی ئیکوادۆری لە پێشبڕکێی بەپێ رۆیشتن لە مەودا 20 کیلۆمەتریدا مێداڵیای زێڕی بەدەستهێنا، دوای سەرکەوتنەکەی لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا و هاواری سووووی کرد.
محەمەد سەید شمشێربازی میسری دوای ئەوەی مێداڵیای بڕۆنزی بۆ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێنا، لە ئۆڵێمپیادی پاریس لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا و ئەویش لاسایی ئاهەنگگێڕانی ‘سوو’ـی کردەوە.
شمشێربازە میسرییەکە دوای ئەوەی یەکەم مێداڵیای وڵاتەکەی و دووەم مێداڵیای بۆ وڵاتانی عەرەبی لە ئۆڵێمپیکی پاریس بەدەستهێنا، لەسەر شێوازی دۆن ئاهەنگی گێڕا و ئەو شمشێربازە 21 ساڵانەکەش یەکێکە سەرسامکەرانی دۆن.
یوجی نیشیدا یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی ژاپۆن یەکێکی دیکە بوو لەو وەرزشوانانی لە ئۆڵێمپیادی 2024 لاسایی دۆنی کردەوە، ئەم وەرزشوانە ژاپۆنییە دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ئەڵمانیا خاڵێکی بۆ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێنا لەسەر شێوازی کوڕەکەی مادێرا ئاهەنگی گێڕا.