ئەو پیاوەی لەگەڵ خانمان یاریی دەکات؛ داوا دەکرێت وەرزشوانێکی جەزائیری لە ئۆڵێمپیاد دووربخرێتەوە
یاریگا –
بە گومانی ئەوەی لە بنەڕەتدا پیاوە، داوا دەکرێت وەرزشوانێکی جەزائیری لە ئۆڵێمپیاد دووربخرێتەوە.
ئیمان خەلیف، خانمە وەرزشوانی جەزائیری لە یاریی بۆکسێن نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات و ئەمڕۆ لە قۆناخی 16 رووبەڕووی خانمە بۆکسێنەرێکی ئیتاڵی دەبێتەوە، بەڵام لەلایەن سۆشیاڵ میدیا و میدیاکانی ئیتاڵیا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و داوا دەکرێت لە ئۆڵێمپیادی پاریس دووربخرێتەوە.
پێش یارییەکەی ئەمڕۆی لە قۆناخی 16ـی کێبڕکێی خانمان لە کێشی 66 کیلۆگرامیدا، میدیاکانی ئیتاڵیا هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر ئیمان خەلیف خانمە وەرزشوانی جەزائیری و داوا دەکەن لە ئۆڵێمپیادی پاریس دووربخرێتەوە، بەوە تۆمەتباری دەکەن هۆڕمۆنی نێرینەی زۆرترە و بڕوایان وایە ناکرێت رێگای پێبدرێت لەگەڵ خانمان پێشبڕکێ بکات.
ئەم کچە جەزائیرییە بەهۆی بەرزی رێژەی هۆڕمۆنی نێرینە لە پاڵەوانێتییەکانی ئەمدواییەی یارییەکانی بۆکسێن دوورخرایەوە، تەنانەت لە پاڵەوانێتی جیهانی 2023 بەهۆی بەرزی رێژەی هۆڕمۆنی نێرینە لە جەستەیدا رێگای پێنەدرا بەشداریی بکات.
لێژنەی ئۆڵێمپی جەزائیر لە بەیاننامەیەکیدا بە توندی وەڵامی ئەو رەخنە و تۆمەتانەی داوەتەوە کە لەم چەند رۆژە لەبارەی کچە وەرزشوانەکەی بڵاوکراونەتەوە و پشتیوانی خۆی بۆ ئیمان خەلیف دووپاتکردووەتەوە.
قسە و کاردانەوەکان لەبارەی بۆکسێنەرە جەزائیرییەکە دوای تویتێکی ئیلۆن مەسک خاوەنی پالتفۆڕمی ئێکس زیاتر بوو، کاتێک لەبارەی ڤیدیۆی یارییەکی ئیمان خەلیف نووسیبووی ‘ئەمە زۆر شێتانەیە’.
ئاستی کچە بۆکسێنەرە جەزائیرییەکە لە یاریی بەرامبەر کچە بۆکسێنەرێکی مەکسیکی زیاتر ئەم بابەتەی گەرمکرد، کاتێک زۆر بەهێزەوە بەرامبەر کارەبەکەی یاریی کرد و لە ئۆڵێمپیادی پاریس زۆر بە ئاسانی بەسەر رکابەرەکەیدا سەرکەوت و پەڕییەوە قۆناخی 16.
🚨Beating women is now a spectator sport
We have never been more aware as a society of male violence against women
Why are the #Olympics allowing this male to enter the boxing ring with a woman? #Paris2024 @fairplaywomen pic.twitter.com/I4gKzvigJt
— Katherine Deves Morgan 🇦🇺🚺 (@deves_katherine) July 30, 2024
جگە لەو کچە یاریزانە جەزائیرییە، بۆکسێنەرێکی دیکەش هەیە بەوە تۆمەتبار دەکرێت پیاوە و لە ریزی خانمان یاریی دەکات، لین یو تینگ کچە بۆکسێنەری تایوانیش رووبەڕووی رەخنە و تۆمەت و گومانی هەوادارانی ئۆڵێمپیادی پاریس بووەتەوە، ریچارد داوکینز نووسەری بەریتانی بۆکسێنەرە تایوانی و جەزائیرییەکەی بەوە تۆمەتبار کردووە، پیاون کەچی لە ریزی خانمان یاریی دەکەن.