ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

شێوازەکەی کریستیانۆ؛ کاریگەرییەکانی لەسەر نەوەیەک

کریستیانۆ رۆناڵدۆ چۆن بووەتە نموونەی باڵای نەوەیەک؟

Yariga App

یاریگا –

زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر ماڵئاوایی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی ئەفسانە پۆرتوگالییەکە لەسەر ڤاڵدێبێباس و سانتیاگۆ بێرنابیۆ ماوە.

فەلسەفەی شێوازی کار و ژیانی کریستیانۆ تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید هەیە، رۆناڵدۆ کە لە 2009ـەوە پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکە کردووە گۆڕانکارییەکی کولتووری گەورەی لە یانەکە دروستکردووە. بە بەرپەچدانەوەی جیلی زێڕینی بارسێلۆنا دەستیپێکرد و تا گەورەترین قۆناخەکان هەنگاوی نا.

فەلسەفەی کریستیانۆ هەوڵدانە بۆ بەرەوپێشچوونی رۆژ لەدوای رۆژ، پیشەیی بوون لە راهێنانەکان و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی وردی تەندروست، کە لە رۆناڵدۆوە دەستیپێکرد هێشتا لە ریال مەدرید یاریزانەکانی دیکەی وەک ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ گۆس، ئاردا گولەر، چوامێنی و کیلیان ئێمباپێ پەیڕەوی دەکەن. تەنانەت لەکاتی پشووەکانیش هەمان رێچکەی رۆناڵدۆیان گرتووەتە بەر و پارێزگاری لە توانای جەستەیی خۆیان دەکەن، بەپێچەوانەی هەندێک یاریزانی وەک ئێدین هازارد، کە بەهۆی کەمتەرخەمی و گرینگینەدان بە توانای جەستەیی و سیستەمی خۆراک لەگەل مێرێنگی سەرکەوتوو نەبوو.

لە روانگەی توپی پێ، ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مەدریدی پایتەخت بە زێڕ نوسراوەتەوە و بێخەوشە. مێژووە پرشنگدارەکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ ریال مەدرید کاریگەری لەسەر سەرجەم ئەستێرە لاوەکانی یانەکە هەیە و هەمووان شوێنی هەنگاو بە هەنگاوی دۆن دەکەون.

کاریگەری ئەفسانە پۆرتوگالییەکە ئەوەندە گەورەیە، ئەستێرەیەکی وەک کیلیان ئێمباپێ لەکاتی ناسێندرانی وەک یاریزانی نوێی ریال مەدرید لاسایی کریستیانۆی کردەوە و بەهەمان شێوازی دۆن درووشمی “هالا مەدرید”ـی گووتەوە. لە هەمان رۆژ و لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا باسی گرنگی رۆناڵدۆی لە جیهانی تۆپی پێ و کارگەرییەکانی لەسەر یاریزانانی دیکە کرد.

کریستیانۆ لە منداڵییەوە نمونەی باڵام بووە، ئێستاش هاوڕێمە، ئەوەندە بەبەختم بەردەوام ئامۆژگاریم دەکات، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە، هەمیشە پێمدەڵێت، بەردەوام کار بکە و بە یاریکردن پەیوەستبە.

یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین کاریگەری کوڕەکەی دورگەی مادێرای لەسەرە، ڤینییە. شەش ساڵە ڤینی بۆ کامڵبوونی جەستەیی و بەهێزکردنی لایەنی دەروونیش هەنگاوەکانی رۆناڵدۆ دووبارە دەکاتەوە، ڤینی ئەوەندە بە دۆن سەرسامە تانانەت لە گۆڕەپانی سەوزیش هانەگگێڕانەکانی کریستیانۆ دووبارە دەکاتەوە.

ڤینیسیۆس جونیۆر لاسای ئاهەنگگێڕانی رۆناڵدۆ دەکاتەوە

کاریگەرییەکانی کریستیانۆ لە مەدرید ئەوەندە بەربڵاون، تەنانەت ئێندریک، کە دوایین یاریزانە پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا بە وەسفکردنی رۆناڵدۆ دەستیپێکرد.

لە منداڵییەوە ریال مەدریدم خۆشدەویست. کریستیانۆ رۆناڵدۆ ژیانی داگیرکرد، بەهۆی ئیلهامی ئەو توانیم بەخەونەکەم بگەم و درێسی مەدرید بپۆشم، وایکردووە تەواوی نەوەیەکی یاریزانانی تۆپی پێ ئارەزووی یاریکردن بۆ یانەی ریال مەدرید بکەن.

ئەو میراتییەی رۆناڵدۆ جێیهێشتووە، لە یاریزانە سەرەکییەکان تا یاریزانە یەدەکەکان، لە گۆڕەپانی مەشقەکان، لە یاریگا و لە یارییەکان تەنانەت لە دەرەوەی یاریگا و لە ژیانی رۆژانەش پەیڕەوی دەکەن.

تەنانەت کێپا ئارێزا بالاگا و فران گارسیاش دانیان بەوە ناوە، لەدوای پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید سودیان لە پیشەگەریی و عەقڵیەتی رۆناڵدۆ وەرگرتووە.

بۆیە کاریگەرییەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ هەمیشە لە شەقامەکانی تۆپی پێ بە نەمری دەمێننەوە و نەوە لەدوای نەوە شوێنی هەنگاوەکانی یەکێک لە سەرکەوتووترین یاریزانەکانی وەرزشەکە دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button