ئینتەر میلان بەدوای سپۆنسەرێکی نوێدا دەگرێت
یاریگا –
ئینتەر میلان نزیکە لە رێککەوتن لەسەر سپۆنسەرێکی نوێی بۆ سەر قۆڵی درێسەکەیان لە وەرزی نوێدا.
پێشبینی دەکرێت بە واژۆکردنی گرێبەستەکە لەگەڵ سپۆنسەرە نوێیەکە، داهاتی ساڵانەی یانەکە لە سپۆنسەری درێسییەوە بگاتە زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕە ئیتاڵییەکان، یانەی نێرازۆری تاوتوێی وردەکارییەکانی کۆتایی رێککەوتنێک دەکات لەگەڵ کۆمپانیایەکی کریپتۆ کە ناوی نەهێنراوە و جێگەی ئیبەی دەگرێتەوە وەک سپۆنسەری نوێی قۆڵی درێسەکانی یانەکە. ئەم گرێبەستە بەهای 6 ملیۆن یۆرۆیە بۆ هەر وەرزێک.
هەروەها ئینتەرمیلان سپۆنسەرێکی نوێی بۆ وەرزی نوێ هەیە کە لۆگۆکەیان لەسەر سنگی درێسەکە دەدرێت، دەوترێت بەهای ئەم گرێبەستەش ساڵانە 30 ملیۆن یۆرۆیە.
لە ساڵی 2023 رێککەوتنێکی نوێ بۆ گرێبەستێک کرا بە بەهای 5 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا لەگەڵ سپۆنسەرێک بۆ پشتەوەی درێسەکەیان بە ناوی “یو پاوەر” کە تا ئێستاش ماوەتەوە. جگە لەوەش ئینتەر لە وەرزێکدا 30 ملیۆن یۆرۆ لە کۆمپانیای نایکی وەردەگرێت کە درێسەکان بەرهەم دەهێنێت.
بە کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارانە، یانەکە دەتوانێت بۆ هەر وەرزێک 71 ملیۆن یۆرۆ لە سپۆنسەر و بەرهەمهێنەرانی درێس وەربگرێت، کە بڕە پارەیەکی بەرچاوە.