کۆریای باشوور رەخنەی توند لە لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵێمپی دەگرێت
داوای روونکردنەوەی بەپەلەی کردووە
یاریگا –
کۆریای باشوور نیگەرانی خۆی لە مەڕاسیمی ناساندنی شاندەکەی لە ئۆڵێمپیادی پاریس دەربڕی.
لە ساتی ناساندنی شاندی وڵاتە بەشداربووەکان، رێکخەرانی ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵێمپیادی پاریس بە هەڵە، ناوی شاندی کۆریای باشوور وەک شاندی کۆریای باکوور ناساند و داوادەکات، جارێکی دیکە ئەم جۆرە هەڵەیە دووبارە نەبێتەوە.
پێشکەشکاری ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵێمپیاد، لە ساتی تێپەڕبوونی بەلەمی شاندی کۆریای باشوور، بە هەڵە وەک شاندی کۆریای باکوور ناساند.
وەزارەتی وەرزش و رۆشبنیری کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا، نیگەرانی خۆی لە هەڵەکە دەربڕی و داوای روونکردنەوەی لە تۆماس باخ، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵێمپی نێودەوڵەتی کرد.
ناوی فەرمی کۆریای باشوور ‘کۆماری کۆریا – Republic Of Korea’یە، کەچی ناوی فەرمی کۆریای باکوور ‘کۆماری کۆریای دیموکراتی میللییە – Democratic People’s Republic of Korea’یە.
لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵێمپی داوای لێبووردنی لە هەڵەکە کرد و روونیکردەوە
داوای لێبوردن لەو هەڵەیە دەکەین، کە لە ساتی ناساندنی شاندی کۆریای باشوور روویدا.
مێژووی کێشەی قووڵی کۆرییەکان
- لە دوای شەڕی نیمچە دوورگەی کۆریا لە ساڵانی نێوان 1950 – 1953، هەردوو کۆریایەکە گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست، بەبێ ئەوەی رێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ بکەن. هەردوو وڵاتەکە تاوەکو ئێستا لە دۆخی جەنگدان و پەیوەندیی نێوانیان لە خراپترین ئاستدایە.
- کۆریای باکوور لە چەند ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەکانی سەربازی لەگەڵ رووسیا پەرەپێداوە، ماوەی چەند مانگێکە، بە باڵۆن پاشماوە و پیسایی بۆ خاکی کۆریای باشوور دەنێرێت.
- کۆریای باشوور کە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لەسەر سنووری نێوان هەردوو کۆریاییەکە، لەڕێگەی بڵندگۆی گەورەوە بانگەشە و هەواڵی تایبەت بە کۆریای باکوور بۆ خەڵک بڵاودەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە، رێککەوتنی کەمکردنەوەی جووڵەی سەربازی لەگەڵ کۆریای باکوور هەڵپەساردووە.