ئیبراهیم غازی بە زیاتر لە 130 هەزار دۆلار پەیوەندی بە یانەیەکی بەغدا دەکات
ئەمشەو کۆبوونەوەی کۆتایی دەکرێت
یاریگا –
ئیبراهیم غازی، ئەستێرەی یانەی حدوود لەگەڵ زەوڕا گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان ئیبراهیم غازی و زەوڕا بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاندووە، ئیبراهیم لەگەڵ زەوڕا گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی و بڕیارە ئەمشەو تەواوی کەیسەکە لە کۆبوونەوەیەکدا یەکلایی ببێتەوە و گرێبەستێک بۆ ماوەی یەک وەرز واژۆ بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، حدوود بە مەرجێک رێگە بە گواستنەوەی ئیبراهیم غازی دەدات، پێویستە زەوڕا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی خەرج بکات، یاخود لە بەرژەوەندی حدوود، زەوڕا دەستبەرداری یاریزانێک ببێت.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، زەوڕا ئامادەیە بڕی 200 ملیۆن دینار (130 هەزار دۆلار) لە پێناو گواستنەوەی ئیبراهیم غازی بداتە حدوود.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، ئیبراهیم غازی زۆر نزیکبوو پەیوەندی بە زەوڕا بکات، بەڵام لەپڕ قوە جەوییە هاتەسەرهێڵ و پڕۆسەی گواستنەوەی بۆ زەوڕای پەکخست، بەڵام دواتر گفتوگۆکان لەگەڵ قوە جەوییە هەرەسییان هێنا.
ئیبراهیم غازی پێشتر لە ریزی یانەکانی هەڵۆ و نەورۆز و دهۆک یاریی کردووە و لە وەرزی رابردوودا 18 گۆڵی (حەوت پێناڵتی) بۆ حدوود لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کرد و لە پلەی سێیەمی گۆڵکاراندا هات.