چارەنووسی ئەو سێ کەسەی یاریی ریال مەدرید و دۆرتموندییان راگرت چییە؟
''رێکلامییان بۆ ستریمەرێکی رووسی کرد و هیچ پارەکەییان وەرنەگرتووە''
یاریگا –
ئەو مێردمنداڵە 16 ساڵییەی لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی رابردوو چووە سەر چیمەنی یاریگا و یارییەکەی راگرت، خەریکە کەیسەکەی یەکلایی دەکاتەوە.
لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی نێوان ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند لە یاریگای وێمبڵی، چەند کەسێک چوونە سەر چیمەنی یاریگا و یارییەکەیان راگرت، ئەوانەی چوونە نێو یارییەکە تیشێرتێکییان بە ناوی میڵسترۆی پۆشیبوو.
میڵسترۆی ستریمەرێکی بەناوبانگی رووسییە و ناوی راستەقینەی ئاندرێ بوریم-ە، لە ستریمێکدا بەڵێنی بەو کەسانەدا کە دەچنە نێو یارییەکە، بڕی 300 هەزار پاوەند وەردەگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا مێردمنداڵە 16 ساڵییەکە هیچ پارەیەکی وەرنەگرتووە.
‘تێکدەری’ یارییەکە دانی بەوەناوە، بۆ بەدەستخستنی پارە لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادەبووە و پێشتر هەرگیز ئامادەی هیچ یارییەک نەبووە.
دادگای وڵسدن لە لەندەن، بە کەفالەت ‘تێکدەری یارییەکە’ی ئازادکردووە، بەو مەرجەی بەشێک لە خەرجییەکانی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە لە ئەستۆ بگرێت.
مێردمنداڵەکە دووپاتیدەکاتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی وەرنەگرتووە و بەر لە یارییەکە بڕیاریدا بچێت و بەختی خۆی بۆ بەدەستهێنانی پارەکە تاقیبکاتەوە.
جیا لە مێردمنداڵەکە، دوو کەسی دیکە دادگایی دەکرێن/کران، یەکێکیان بە ناوی یێڤهێنی لوبێنکۆ، 29 ساڵ تاوەکو سێ ساڵ سزادراوە و رێگە نادرێت ئامادەی هیچ یارییەک لە بەریتانیا ببێت، کەسی سێیەمیش ناوی دەیڤد کارنێکییە، 27ی مانگی داهاتوو دادگایی دەکرێت.