بارسێلۆنا بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکارێک واژۆ کرد
یاریگا –
مامادۆ فال ئێمباکێ، بەرگریکاری سەنیگالی تەمەن 21 ساڵ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد.
بارسێلۆنا بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ مامادۆ فال ئێمباکێی بەرگریکاری سەنیگالی راگەیاند. ئەم یاریزانە وەرزی پێشوو بە خواستن لە تیپی لاوانی بارسا یاریی دەکرد و ئێستا بۆ هەمیشە پەیوەندی بەم تیپە کرد.
بەپێی زانیارییەکان، بارسێلۆنا نزیکەی 2 ملیۆن یۆرۆی لە گرێبەستی ئەم بەرگریکارە خەرج کردووە. ئیمباکێ وەرزی رابردوو 22 یاری بۆ تیپی لاوانی بارسا ئەنجامدا و رۆڵێکی گرنگی لە تیپی رافا مارکێزدا هەبوو. بەهۆی کێشەی تۆمارکردنی گرێبەستەکەیەوە لە دە یاری یەکەمی ئەم وەرزەدا بەشداری نەکرد و بەهۆی پێکانەوە لە پێنج یاری کۆتاییدا ئامادەنەبوو. بڕیارە تا مانگی ئەیلول بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
ئەم گواستنەوەیە دوای دانوستانێکی درێژخایەن لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلۆس ئەنجامدرا و بارسێلۆنا توانی نرخی کڕینەکەی کەمبکاتەوە. پێدەچێت ئێمباکێ لە تیپی لاوانی بارسا یاری بکات، بەڵام ماوەتەوە بزانین لە ماوەی هاوین و دەستپێکی وەرزدا چی بەسەر دێت.
ئەمە یەکەم گرێبەستی بارسێلۆنایە لە گواستنەوەی هاوینەدا و هیوادارن لە چەند رۆژی داهاتوودا یاریزانانی وەک نیکۆ ویلیامز و دانی ئۆلمۆ بگوازنەوە.