یاریگا –
زیاتر لە دوو هەزار هاندەر بۆ هاندانی یانەکەیان لە دهۆکەوە گەشتی بەغدا دەکەن و نزیکەی 500 کیلۆمەتر دەبڕن بۆ ئەوەی لە یاریی بەرامبەر نەجەف لە یاریگا ئامادەبن.
میللەت جەمال ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’ئەمشەو زیاتر لە دوو هەزار هاندەری یانەکەمان بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون، بۆ ئەوەی لە یاریی سبەی سێشەممە بەرامبەر نەجەف لە یاریگای شەعب ئامادە بن، ژمارەیەکی زۆر پاس بۆ گواستنەوەی هاندەران دابینکراوە و بەشێک لە هاندەرانیش بە ئۆتۆمبێڵی خۆیان گەشتی بەغدا دەکەن’.
مەودای گەشتەکەی هاندەرانی دهۆک بۆ بەغدا 479 کیلۆمەتر دەبێت و گەشتەکە زیاتر لە حەفت کاتژمێر دەخایەنێت، کە یانەی دهۆک بە بردنەوەی لە نەجەف دوای 11 ساڵ بلیتێکی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بەدەست دەهێنێت.
سبەی سێشەممە کاتژمێر 19:30 دهۆک لە یاریگای شەعب لە قۆناخی پلەی ئۆفی خولی ئەستێرەکانی عێراق رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە و براوەی یارییەکە بلیتێکی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی یانەکانی کەنداو بەدەست دەهێنێت، کە دهۆک لەوەتەی ساڵی 2013 لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە دابڕاوە.