راپۆرتی تایبەتسعوودیەگرنگترین

بڕاندی بازرگانی تۆپی پێی سعوودیە 18 پلە پێشکەوت

گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە

Yariga App

یاریگا –

خەرجیی بەخشندە ‘سەخیانە’ی یانە گەورەکانی خولی رۆشنی سعوودیە و دەستپێکردنی خولی خانمان، ناوی سعوودیەی 28 پلە لە ریزبەندی بەهێزترین بڕاندەکانی بازرگانی وەرزشی بردە پێشەوە.

پێگەی بڕاند فاینانس-ی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بڕاندەکانی بازرگانی، خولی رۆشنی و یانەکانی بەشدار، بەرەوپێشچوونێکی پێوانەییان لەسەر ئاستی خولە گەورەکان کردووە.

خەرجی ‘سەخییانە’

لە ماوەی ساڵێکدا، خەرجی یانەکانی سعوودیە بۆ گواستنەوەی یاریزانان گەیشتووەتە 875.4 ملیۆن دۆلار، بەمەش لە پلەی دووەمی ریزبەندی ئەو خولانە دێت، کە زۆرترین پارەیان لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرج کردووە. پرێمەرلیگ بە 1.98 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەمدا دێت.

ساڤیۆ دی سۆزا، بەڕێوەبەری بڕاند فاینانس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونیکردووەتەوە

سعوودیە توانی ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهانی بە یاریکردن لە خولەکەی رازی بکات. گواستنەوەی ئەستێرەکان خەرجی زۆری پێویستە، نەک تەنیا خەرجی پەیوەست بە مووچەی یاریزانان، بەڵکو باشترکردنی ژێرخانی وەرزشی و یاریگاکان.

لەلایەکی دیکەوە، یانەکانی سعوودیە داهاتیی سپۆنسەریی و گواستنەوەی یاریزانانیان زیادیکردووە، چونکە گرنگییەکی زیاتر بە خولی رۆشن دەدرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی داهات هەبووە.

گواستنەوەی ئەستێرەکان

یانەکانی سعوودیە لە ساڵی 2023 دەستی بە گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکانی جیهان کرد، لە سەرووی هەموویانەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نێیمار دا سیلڤا، کەریم بێنزێما، ئێنگۆلۆ کانتێ و ریاز مەحرز.

بەگوێرەی ئامارەکانی بڕاند فاینانس، یانەکانی سعوودیە گرێبەستییان لەگەڵ 97 یاریزاندا کردووە، 10 لەو یاریزانانە ناوییان لە ریزبەندی باشترین 100 یاریزانی جیهاندا هەیە.

دی سۆزا لەبارەی کاریگەری گواستنەوەی ئەستێرەکان دەڵێت

نەسڕ سەردێڕی تەواوی هەواڵەکانی جیهانی داگیرکرد، کاتێک رۆنالدۆ پەیوەندی پێوە کرد، رۆناڵدۆ یەکێک لە باشترینەکانەکانی جیهانە و لەڕووی بازاڕگەرییەوە، سوودێکی زۆری بۆ بەرزکردنەوەی بڕاندی خولەکە هەبووە. رۆناڵدۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی 630 ملیۆن فۆڵۆوەرزی لە سۆشیاڵ میدیا هەیە، ئەمە لە دوو ئەوەندە لە کۆی گشتی فۆڵۆوەرزەکانی پرێمەرلیگ زیاترە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت، هیلال یەکێکە لە سەرکەوتووترین یانەکانی سعوودیە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەسوود وەرگرتن لە گواستنەوەی ئەستێرەی وەک نێیمار، روبن نێڤێس، ساڤیچ و میترۆڤیچ.

خولی خانمان

لەسەر ئاستی خانمانیش، بەرپرسانی تۆپی پێی سعوودیە گرنگییەکی زۆرییان پێداوە و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی خولێکی بەهێز دەکەن، تەنانەت براوەی خولەکە دەبێتە خاوەنی یەک ملیۆن ریالی سعوودی.

یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە، بڕی 50 ملیۆن ریالی سعوودی بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی وەرزشی خانمان تەرخانکردووە. تاوەکو ئێستا 34 تیم بەشداری لە خولی نایاب و خولی پلەیەکی خانمان دەکەن.

دەستپێکردنی خولی نایابی خانمان، کاریگەری لەسەر باشترکردنی بڕاندی بازرگانی تۆپی پێی سعوودیە هەبووە. لە مانگی مارس/ئاداری رابردوودا، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ناوی هەڵبژاردەی سعوودیە بۆ ریزبەندی فیفا زیادکرا. یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە هەوڵدەدات، میوانداری جامی ئاسیا بۆ خانمان بکات و هەڵبژاردەکەی بگەیەنێتە مۆندیالی 2027.

بەشداریکردنی نێودەوڵەتی

گەشەکردنی براندی بازرگانی تۆپی پێی سعوودیە، کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی دەرەوەش کردووە. سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە، زیاتر لە 75%ی پشکەکانی نیوکاسڵ یونایتدی کڕیوە. بەدرێژایی ساڵی رابردوو، بەهۆی وەبەرهێنانی لە دەرەوەی سعوودیە، سندووقی وەبەرهێنانی گشتی بڕی 337 ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button