یاریکا-
سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی پێشمەرکەی سلێمانی رایگەیاند بەبێ هیچ پێکانێک یاریەکەی رومادی دەکەن و یاریزانەکان سەرجەمیان ئامادەن.
ئەمڕۆ شەممە ( 20ـی تەممووز/یۆلیۆی 2024 ) لە یاری پلەی ئاوتی خولی نایابی عێراق، پێشمەرگەی سلێمانی خاوەن خانەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە لە یاریگای زەوڕا رووبەرووی رومادی خاوەن خانەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم دەبێتەوە.
دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەیان ویسام محەمەد سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی پێشمەرگەی سلێمانی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:
ماوەی دوو ڕۆژە لە شاری بەغداین و خەریکی ئامادەکاری بووین بۆ یارییەکەی رومادی، هەموو کەشێکی لە بارمان بۆ یاریزانەکان دابین کردووە بۆ ئەوەی لە رووی دەرونیەوە کێشەیان نەبێت، تەواوی یاریزانەکانمان بۆ یارییەکە ئامادەن و هیچ پێکانێمان نیە، دوای گۆڕینی راهێنەر رۆحیەتی یاریزانەکان جیاوازە و دڵنیام لە ئاست و رۆژی خۆیان دەبن، دەمانەوێ لە وەرزی داهاتوو نوێنەری دووەمی شاری سلێمانی بین لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
لە مێژوودا هەر دوو یانە دوو یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە و هەر یەکە و یارییەکیان بردۆتەوە، براوەی یاریی پێشمەرگەی سلێمانی و رومادی بەرامبەر دۆڕاوی یاریی نێوان قاسم و نەفتی بەسڕە یاریی دەکات و براوەشیان وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت.