یاریگا –
یەکێتی تۆپی پێی عێراق هۆکاری بەشدارینەکردنی زەوڕا لە یاری پلەی ئۆفی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی دەرەکی ئاشکرا دەکات.
بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر 19:30 بەکاتی هەولێر لە یاریگای شەعب دهۆک و زەوڕا رووبەڕوو ببنەوە، بەڵام زەوڕا ئامادەی یارییەکە نەبوو، بۆیە دهۆک بە براوە هەژمارکرا.
لە یارییەکی دیکەش زاخۆ رووبەڕووی نەجەف بووەوە، کاتی ئاسایی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. بەڵام نەجەف بە سەرکردایەتی سەرهەنگ موحسین بەلێدانی یەکلاکەرەوە یارییەکەی بردەوە و زاخۆ ماڵئاوایی کرد.
لە قۆناخی کۆتایی پلەی ئۆف، دهۆک رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، براوەی یارییەکە بەشداری لە پاڵەوانێتی عەرەب دەکات. دۆڕاوی یارییەکەش بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی کەنداو دەکات. بەو هۆیە دهۆک لەهەردوو حاڵەت بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکی دەرەکی مسۆگەر کردووە.
هاوکات یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە دەڵێن گوایە زەوڕا و یەکێتی تۆپی پێ رێککەوتوون تاکو زەوڕا بەشداری یارییەکەی بەرامبەر دهۆک نەکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هۆکاری بەشدارینەکردنی یانەکەی روونکردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ زەوڕا و هەندێک یانەی دیکە بە سیستەمی پلەی ئۆف رازی نەبوون، دەیانویست بە سیستەمی تیروپشک ئەو دوو یانە دەستنیشان بکرێن، کە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەکی دەکەن.
بەڵام ئێمە ئەو داوایەمان بەتووندی رەتکردووەتەوە، داواشمانکردووە بەشداری یارییەکانی پلەی ئۆف بکەن، بەڵام خۆیان بەشدارییان نەکردووە.