یاریگا –
ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی کیلیان ئێمباپێ گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کرد و لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی لە مەدرید قسەی بۆ میدیاکان کرد.
شانازییە یاریزانی ریال مەدرید بیت، ئەمە رۆژێکی مێژووییە، سوپاسی ریال مەدرید دەکەم. پێشتر بەڵێنمدابوو بگەڕێمەوە ریال مەدرید، ئێستا گەڕامەوە. هەست بە شانازییەکی زۆر دەکەم، چونکە دەتوانم بڵێم یاریزانی ریال مەدریدم، دەمێکە چاوەڕێ دەکەم، ئەمە خەونە و ناتوانیت بە پارە بیکڕیت. ئەمە بەردەوام خەونی من بووە.
ئەمڕۆ کەسێکی زۆر دڵخۆشم، بەپەرۆشم تاوەکو بەشداری یەکەم یاری خۆم لێرە بکەم. منداڵ بووم کاتێک بڕیارمدا پەیوەندی بە ریال مەدرید بکەم. ئەمە بەردەوام چارەنووسی من بووە. ئامانجی ئێستای من، خۆگونجاندنە بەزووترین لەگەڵ یانەکە.
دوو سێ ساڵ بەر لە ئێستا دەمتوانی پەیوەندی بە ریال مەدرید بکەم، بەڵام ئەوە رابردووە، ئێستا دەمەوێت چێژ لەم رۆژە وەربگرم. ئەم ساتە بە منداڵەکانی خۆم دەڵێم.
دەتوانم لە هەموو شوێنێکی هێڵی هێرشبەری یاری بکەم، دەتوانم خۆم لەگەڵ داواکارییەکانی راهێنەر بگونجێنم.
ئەم بەیانییە کە خەبەرم بووەوە، بە خۆم گوت، دەبێ چێژ لەم رۆژە وەربگرم و هەست بە هیچ فشارێکم نەکەم. ئەمە خەونە.
ئەمڕۆ لە ڤالدێبێباس قسەم لەگەڵ ئانچێلۆتی کرد، زۆر بە پەرۆشم تاوەکو لەگەڵ یاریزانان یاری بکەم. دەمەوێت یاری لەگەڵ ڤینی، بێڵینگهام و هەمووان بکەم.
ڤینیسیۆس، بێڵینگهام و رۆدریگۆ یاریزانی زۆر گەورەن. زۆر خرۆشاوم یارییان لەگەڵدا بکەم. کریستیانۆ رۆناڵدۆ نموونەی باڵای منە.
ریال مەدرید بەردەوام سەردەکەوێت، بۆیە باشترین یانەی جیهانە. دەمەوێت یارمەتییان بدەم.
بەردەوام دڵنیابووم لێرە یاری دەکەم. ریال مەدرید تاکە بژاردەی من بووە، ئۆفەری دیکەم هەبوو، بەڵام ریال مەدرید بژاردەی من بوو.
ڤینیسیۆس پێی گوتم وەرە ریال مەدرید. یاریزانانی فەڕەنسا بەردەوام پێیان دەگوتم وەرە ئێرە، ڤینیسیۆس زۆر نامەی بۆ ناردووم و پێی دەگوتم، وەرە بەیەکەوە لە هێرشبەری یاری بکەین.
ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ پینتوس کرد، دەمانەوێت بەرنامەیەکی باش بۆ وەرزێکی دوور و درێژ دابنێین.
ئەوەی لە 2022 روویدا و هاندەرانی ریال مەدرید رەخنەیان لێگرتم، بەڕاستی ئەمە بەشێکە لە تۆپی پێ، بەڵام خۆشەویستیی مەدریدییەکان بڕواپێکراو نییە. ئەمڕۆ من هیچ نیم لێرە، کەچی خۆشەویستییەکی زۆرییان پیشان دام.
بەدڵنیاییەوە بەشداری لە جامی سوپەری ئەوروپا دەکەم، ئامادەم بەشداری لەو یارییە ناوازەیە بکەم. زۆر بەپەرۆشم.
کاتێک رووبەڕووی ریال مەدرید دەبیتەوە، دەزانیت بەرامبەر یانەیەکی گەورە یاری دەکەیت و کاتێک دێیتە بێرنابیۆ، سوپاس بۆ خوا یەکێکم لەوان، بەڵام کاتێک لە پاریس سانجێرمان بووم، ویستم باشترین پێشکەشی تیمەکەم بکەم.
من و کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاوڕێین و بەردەوام نموونەی باڵای من بووە. ئەو هاوڕێیەکە ئامۆژگاری کردووم، بەردەوام پەیوەندیمان هەیە و هاوڕێین، بەردەوام رێزێکی زۆرم بۆ رۆناڵدۆ هەیە. ئەوەی لە یۆرۆ روویدا، هیچ گۆڕانکاری بەسەر ئەفسانەیی کریستیانۆ بۆ ریال مەدرید و تۆپی پێ ناهێنێت. کە منداڵ بووم، دەمویست وەک رۆناڵدۆ بم، ئەمە خەونە.
هیچ شوێنێک لە ریال مەدرید باشترنییە تاوەکو نازناوەکان ببەیتەوە، بەڵام کلیلەکە ئێستا خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەم تیمە. بەدڵنیاییەوە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و باڵۆن دۆر ئامانجی منە.
هەرگیز داوام نەکردووە چ ژمارەیەک بپۆشم، ژمارە 10 درێسی لوکا مۆدریچە، شانازی بە یاریکردن لەگەڵ مۆدریچ دەکەم. پاڵەوان و خاوەنی باڵۆن دۆرە. ژمارە 9 گرنگە، بەڵام ژمارەکان بەلای منەوە گرنگ نین، تەنیا دەمەوێت لەم یانەیە بم.
خۆم فێری زمانی ئیسپانی کرد، چونکە دەمزانی دەمەوێت پەیوەندی بە ریال مەدرید بکەم، ئەمە زۆر یارمەتیدام.
شێوازی ناساندنی من باوەڕپێنەکراوە، هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەکرد، دەمەوێت سوپاسیان بکەم، چونکە ناوازە بوو.
سەیری تەواوی یارییەکانی ریال مەدریدم کردووە، ئێستا دەبێ خۆم لەگەڵ یاریزانەکان بگونجێنم. هەمووان دەناسم، بەڵام یاریی راستەقینە و تەلەڤزیۆن جیاوازە.
تەنیا بۆ گۆڵ کردن و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لێرە نیم. گۆڵ دەکەم، بەڵام دەمەوێت خۆم بگونجێنم و ببمە بەشێکم لەم یانەیە.
تاوەکو ئێستا لەنێو گروپی واتسئاپی ریال مەدرید نیم، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەمزووانە دەبمە ئەندام.
شەوی رابردوو تەنیا یەک کاتژمێر نوستم، زۆر قەلەق بووم.
ئەگەر یانەکەم داوام لێبکەن بەشداری گەشتەکەی ئەمریکا بکەم ئەوا بەشداری دەکەم و ئامادەم.
ئەگەر ریال مەدرید گرێبەستت لەگەڵدا بکات، واتا تۆ بەهرەمەندی. ئێندریک دەبێتە یاریزانێکی زۆر گرنگی ئێمە. لە ماوەی رابردوودا گۆڵی بۆ بەڕازیل کرد. ئەگەر ئێندریک پێویستی بە یارمەتی هەبێت، ئامادەم ئامۆژگاری بکەم.
ریال مەدرید هەمیشە پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ. ریال مەدرید پێش من و دوای منیش بەردەوام نازناو بەدەستدەهێنێت، دەمەوێت زۆرترین نازناو لەگەڵ یانەکەم بەدەستبهێنم.