فه‌ره‌نسا

ئێمباپێ زیان بە لیگ وەن دەگەیەنێت

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان، خولی لیگ وەنی فەرەنسی، بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ واژۆکردنی گرێبەستی وەرگرتنی مافی پەخشکردنی بۆ وەرزی داهاتوو رووبەڕووی کێشە بووەوە، دواجار گرێبەستێکی بە بڕێکی زۆر کەمتر لە ساڵانی پێشوو واژۆ کرد.

دوای چەند مانگێک لە دانوستانە بێکۆتاکان، لەگەڵ چەند یانەیەک کە مەترسی مایەپووچبوونیان لەسەرە، دواجار لیگ وەن توانی گرێبەستێک بۆ مافی پەخشی یارییەکانی واژۆ بکات. لە کۆبوونەوەیەکدا کە چەند کاتژمێرێکی خایاند و سەرۆکی سەرجەم تیپەکانی خولی تۆپی پێی فەرەنسا ئامادەی بوون، بڕیاردرا دازن و بی ئێن سپۆرت بۆ پێنج وەرزی داهاتوو پەخشی یارییەکانی خولی فەرەنسا بکەن.

بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئەم گرێبەستە چەند لایەنێکی تێدایە کە هیچ بە دڵی فەڕەنسییەکان نییە. لە مانگی ئەیلولدا کە یەکەم ئۆفەر بۆ مافەکانی تەلەفزیۆن بڵاوکرایەوە، خەونی ڤینسێنت لیبرۆن سەرۆکی خولەکە ئەوە بوو کە 1 ملیارد یۆرۆ وەربگرێت، 800 ملیۆن یۆرۆ بۆ یارییە ناوخۆییەکان و 200 ملیۆن یۆرۆش بۆ یارییە ئەوروپییەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام گرێبەستەکە لە کۆتاییدا، بە 500 ملیۆن دۆلار واژۆ کرا، ئەمەش ژمارەیەکی شۆکهێنەرە بە بەراورد بە پێشبینییە سەرەتاییەکانی تۆپی پێی فەرەنسا.

دازن 400 ملیۆن یۆرۆ دەدات بۆ ئەوەی 8 یاری لە کۆی 9 یاری هەفتانەی خولی فەرەنسا بگوازێتەوە، لە کۆتاییدا کەناڵی قەتەری بی ئێن سپۆرت بە پێدانی 100 ملیۆن بۆ پەخشکردنی باشترین یاری هەفتەکە گرێبەستی واژۆ کرد.

گرێبەستەکە وەک چاوەڕوان دەکرا رەخنەی زۆری بەدوا داهات، چونکە ئەو هاندەرانەی دەیانەوێت لە وەرزی داهاتوودا سەیری سەرجەم یارییەکان بکەن، دەبێت 50 یۆرۆ بە دازن و 14.99 یۆرۆ بە بی ئێن سپۆرت بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان درێژ کردبایەوە، ئەوا لیگ وەن بە ئاسانی دەیتوانی گرێبەستێکی یەک ملیار دۆلاری واژۆ بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button