جیهانگرنگترین

هەڵسەنگاندنی کۆتایی وەرز؛ کێ باڵۆن دۆری 2024 دەباتەوە؟

ڤینیسیۆس جۆنیۆر پێشەنگی لەدەستدا

Yariga App

یاریگا –

دوای کۆتایی هاتنی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی 2023/2024 لەسەر ئاستی یانە و هەڵبژاردەکان، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ماڵپەڕی جیهانی گۆڵ تاوەکو ئێستا رۆدری ئیسپانی بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵاتی تۆپە زێڕینەکەی فڕانس فوتبۆڵ بباتەوە.

1- رۆدری ( مانچێستەر سیتی)

لە وەرزی 2023/24 رۆدری 12 گۆڵی کردووە و 15 گۆڵی دروستکردووە، نازناوی پرێمەرلیگ، جامی جیهانی یانەکان، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە.

لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا، ئەمەش وایکردووە وەک بەربژێری سەرکی بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر دابنرێت.

2- ڤینیسیۆس جۆنیۆر ( ریال مەدرید)

لە وەرزی 2023-24 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەگەڵ ریال مەدرید 24 گۆڵ و 11 ئەسیستی کردووە و نازناوی لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە قۆناخی کۆمەڵەکان دوو گۆڵی کرد، بەڵام بەهۆی کەڵەکەبوونی ژمارەی کارەتەکانی بەشداری قۆناخی چارەکی کۆتایی نەکرد و سامبا لەو قۆناخە دەرکرا، ئەمەش زیانی بە یاریزانەکە گەیاند.

3- جود بێڵینگهام (ریال مەدرید)

لە وەرزی 2023-24 بێڵینگهامم لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 27 گۆڵ و 17 ئەسیستی کردووە و نازناوی لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە و یەکێک بوو لە کاریگەرترین یاریزانەکانی مەدرید و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.

لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دوو گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی کرد، بەڵام لە یاری کۆتایی بەرامبەر ئیسپانیا تووشی شکست بوون و نازناوەکەیان لەدەستدا.

4- دانی کارڤاخال (ریال مەدرید)

کارڤاخال لە وەرزی 2023-24 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 7 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە، 21 کلین شیتی هەبووە و نازناوی لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ و جامی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە.

کارڤاخال لە تەواوی وەرزەکە و بە تایبەت لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی یانەکەی رۆڵێکی کاریگەری گێڕا، لەگەڵ ماتادۆریش ئاستێکی بێوێنەی پێشکەشکرد و بۆ یەکەمجار جامی یۆرۆی بەرزکردەوە.


5 – لاوتارۆ مارتینێز (ئینتەر میلان)

لاوتارۆ لە وەرزی 2023-24 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 35 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە، نازناوی سێریا ئەی، کۆپا ئەمێریکا و جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێناوە.

مارتینێز لە کۆپا ئەمێریکا 5 گۆڵی بۆ تانگۆ کرد و بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، بە 24 گۆڵ لە 33 یاریش بووە گۆڵکاری سێریا ئەی.



6- تۆنی کروس (ریال مەدرید)

لە وەرزی 2023-24 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەگەڵ ریال مەدرید و ئەڵمانیا 1 گۆڵ و 12 ئەسیستی کردووە و نازناوی لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.

دوای بەڕێکردنی وەرزێکی نمونەیی، تۆنی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاری وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.

7- کیلیان ئێمباپێ (پاریس سانجێرمان)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 52 گۆڵ و 22 ئەسیستی کردووە و نازناوی خول و جامی سوپەری فڕەنسای لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەدەستهێناوە، بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی لیگ1 دەستنیشانکرا، بە تۆمارکردنی 27 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولی فەڕەنسی و بە 8 گۆڵیش بووە گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگ “بە هاوبەشی لەگەڵ هاری کەین”.

بەڵام لە جامی یۆرۆ ئاستێکی بەرزی پێشکەش نەکرد، لە قۆناخی پێشکۆتایی لەسەر دەستی ئیسپانیا ماڵئاوییان کرد.

8- هاری کەین (بایرن میونشن)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 58 گۆڵ و 14 ئەسیستی کردووە، کەین بە خەونی بەدەستهێنانی یەکەم نازناو پەیوەندی بە بایرن میونشن کرد، بەڵام بۆندسلیگایان بە لیڤەرکوزن دۆڕاند و لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگیش لەسەر دەستی مێرێنگی دەرکران.

کەین بە 36 گۆڵ بووە گۆڵکاری بۆندسلیگا، لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 3 گۆڵی کرد و بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە “بە هاوبەشی” بەڵام لە یاریی کۆتایی بە ئیسپانیا دۆڕان.

9- فیل فۆدین (مانچێستەر سیتی)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە وەرزەکە 28 گۆڵ و 12 ئەسیستی کردووە، نازناوی پرێمەرلیگ و مۆندیالی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپای بردەوە و بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ هەڵبژێردرا.

ئەم یاریزانە لاوەی ئینگلتەرا کاریگەرترین یاریزانی وەرزی رابردووی مان سیتی بوو، بەڵام لە جامی یۆرۆ ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد و هیچ گۆڵ و ئەستیستێکی نەکرد.

10- نیکۆ ویلیاماز (ئاتلێتیک بلباو)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 11 گۆڵ و 25 ئەسیستی کردووە، نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێناوە.

نیکۆ لە تەواوی وەرزەکە ئاستێکی نایابی پێشکەشکرد، لە جامی یۆرۆش هۆکارێکی سەرەکی بە پاڵەوانبوونی ماتادۆر بوو، بە باشترین یاریزانی یاریی کۆتاییش دیاریکرا.

11- فلۆریان فیرتز (بایەر لیڤەرکوزن)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 21 گۆڵ و 21 ئەسیستی کردووە و نازناوی بۆندسلیگایان بەبێ دۆڕان بەدەستهێنا و ئەم یاریزانە ئەڵمانییە بە باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولەکە هەڵبژێردرا.

12- لامین یامال (بارسێلۆنا)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 10 گۆڵ و 18 ئەسیستی کردووە، بووە لاوترین یاریزان لە مێژوودا نازناوی جامی یۆرۆی بەرزکردەوە.

13- ئێرلینگ هالاند (مانچێستەر سیتی)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 45 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە، نازناوی پرێمەرلیگ و مۆندیالی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپای بردەوە و خەڵاتی گۆڵکاری پرێمەرلیگیشی بەدەستهێنا.

14- ئیمیلیانۆ مارتینێز (ئاستۆن ڤێلا)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی بەدرێژایی وەرزەکە 27 کلین شیتی هەبووە، بۆ دووەم جار لەسەر یەک نازناوی کۆپا ئەمێریکای بەدەستهێنا و هەر خۆشی هۆکاری سەرەکی بە پاڵەوانبوونی هەڵبژاردەکەی بوو.

15- ئەلڤارۆ مۆراتا (ئاتلێتیکۆ مەدرید)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 28 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە، نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای لەگەڵ ماتادۆر بەدەستهێنا.

16- لیۆنێل مێسی (ئینتەر مەیامی)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 28 گۆڵ و 17 ئەسیستی کردووە، نازناوی کۆپا ئەمێریکا و جامی خولی ئەمریکای بەدەستهێناوە.

17- جولیان ئالڤارێز (مانچێستەر سیتی)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 21 گۆڵ و 13 ئەسیستی کردووە، نازناوی پرێمەرلیگ و مۆندیالی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپا و کۆپا ئەمێڕیکای بەدەستهێناوە.

18- دانی ئۆلمۆ (لایپزیگ)

یەکێکی دیکە بوو لە یاریزانە کاریگەرەکانی ئیسپانیا، لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 13گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە.

لەگەڵ ماتادۆر بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ بە 3 گۆڵیش بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە “بە هاوبەشی” نازناوی جامی سوپەری ئەڵمانیاشی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێنا.

19- بوکایۆ ساکا (ئارسیناڵ)

لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 21 گۆڵ و 15 ئەسیستی کردووە، جارێکی دیکە لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ شکستیان هێنا، لە یاری کۆتایی یۆرۆش بە ئیسپانیا دۆڕان.

20- رۆدریگۆ (ریال مەدرید)

لە وەرزی 2023-24 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەگەڵ ریال مەدرید 19 گۆڵ و 9 ئەسیستی کردووە و نازناوی لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.

رۆژی چوارشەممە (4ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2024) لیستی بەربژێرانی خەڵاتەکان رادەگەیەنرێت و رۆژی دووشەممە (28ـی ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2024) رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری 2024 لە پاریس بەڕێوە دەچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button