کۆپا ئەمێریکا 2024

دوایین زانیاری لەبارەی پێکانەکەی لیۆنێل مێسی

Yariga App

یاریگا –

بەرەبەیانی دووشەممە لە یاری کۆتایی کۆپا ئەمێریکا ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا رووبەڕووبوونەوە، تانگۆ بە تاکە گۆڵێکی لاوتارۆ مارتینێز یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان.

بەڵام ئەوەی بۆ هاندەرانی تانگۆ مایەی نیگەرانییە، پێکانی لیۆنێل مێسییە، کاپتنەکەی ئەرجەنتین لە خولەکی 66 بەهۆی پێکانێکی سەخت لە گۆزینگی یاریگای جێهێشت.

مێسی دوای چوونە دەرەوەی لە یاریگا، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی سەهۆڵی بەکاردەهێنا، بەڵام گۆزینگی بەشێوەیەکی نائاسایی ئاوساوە، وا دەردەکەوێت پێکانەکەی زۆر سەخت بێت.

ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە بەهۆی سەختی پێکانەکەی و دڵتەنگی بۆ جێهێشتنی یارییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکوڵ لەسەر کورسی یەدەک دەگریا، بەڵام هاوڕێکانی بەدەستهێنانی جامەکەیان بۆ کرد بە دیاری و گریانەکەی گۆڕا بۆ خۆشییەکی زۆر.

ئەمە جاری دووەمە لیۆ لە کۆپا ئەمێریکای 2024 تووشی پێکان دەبێت، جاری یەکەم لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر چێلی بەهۆی پێکانی ماسولکە یاریگای جێهێشت و لە یارییەکیش بەتەواوی دابڕا.

بەڵام پێکانی ئەمجارەی بەراورد بە پێکانی یەکەمی سەختتر دەردەکەوێت، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو پشکنینی پزیشکی وردی بۆ بکرێت و ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان ئاشکرا دەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button