عێراقکوردستان

بە فەرمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتایی هات

Yariga App

یاریگا-

بە شێوەیەکی فەرمی یەکەم وەشانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2023_2024 بە پاڵەوان بوونی شورتە کۆتایی هات.

دوای وەرزێکی دوور و درێژ کە ماوەی 10 مانگی خایاند، ئەمڕۆ یەک شەممە ( 14ـی تەممووز/یۆلیۆی 2024) خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2023_2024 کۆتایی هات و شوڕتە بۆ سێ یەم ساڵ لە سەر یەک بووە پاڵەوانی خولەکە، شورتە لە کۆی 38 یاری 26 سەرکەوتن و نۆ یەکسان بوون و سێ شکستی هەبوو 76 گۆڵی تۆمار کردوو 36 گۆڵیشی لێکرا، موئمین سلێمان راهێنەری میسری سەرپەرشتی تیپەکەی دەکرد.

زاخۆ یەکێک لە باشترین وەرزەکانی خۆی تێپەڕ کرد و توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوو بە راهێنەرایەتی تەڵال بەلوشی قەتەری ریزبەندی پێنجەم بە دەست بهێنێت، زاخۆ 38 یاریی کرد و 67 خاڵی بە دەستهێنا و 17 بردنەوە و 16 یەکسان بوون و پێنج شکستی هەبوو، 37 گۆڵی تۆمار کرد و 20 گۆڵیشی لێکرا.

دهۆک ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی رابردوو کە توانی لە 38 یارییدا 58 خاڵ کۆبکاتەوە و لە خانەی شەشەم جێگیر بوو، دهۆک 14 سەرکەوتن و 16 یەکسان بوون و هەشت شکستی هەبوو، 41 گۆڵی تۆمار کردوو 33 گۆڵیشی لێکرا، هەریەک لە سلێمان رەمەزان و ئەحمەد خەڵەف راهێنەرایەتی یانەکەیان کرد.

سوورپۆشەکانی سلێمانی کە نازناوی نەورۆزە ئەم وەرزە وێڕای بەرزی و نزمی ئاستیان بەڵام لە کۆتاییدا توانیان بە خانەی حەفتەم کۆتایی بەخولەکە بهێنن، نەورۆز لە 38 یارییدا 15 سەرکەوتن و 11 یەکسان بوون و 12 شکستی هەبوو، 61 گۆڵی تۆمار کردوو 49 گۆڵیشی لێکرا، لە سەرەتای وەرز وەلی کەریم راهێنەرایەتی تیپەکەی کرد وو دواتر لە نزار مەحروسی سوری ئەرکەکەی وەرگرت و تاکۆتایی لەگەڵ یانەکە بەردەوام بوو.

هەولێر لە وەرزی رابردوو ئاست و ئەنجامی بەدڵی هاندەران نەبوو وەرزێکی خراپی تێپەڕ کرد کاتێک بە دوو یاریی پێش تەواو بوونی خول مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کرد، هەریەک لە عەباس عوبێد و حەیدەر عەبدولئەمیر و عەبدولقادر حوسێن و سەمیر بابۆ کە دواهەمین بوو راهێنەرایەتی تیپەکەی قەڵاو منارەیان کرد، لە کۆی 38 یارییدا هەولێر 41 خاڵی کۆکردەوە و بە ڕیزبەندی 14ەـم کۆتایی بە خولەکە هێنا، هەولێر نۆ سەرکەوتن و 14 یەکسان بوون و 15 شکستی هەبوو لە خولەکە، 46 گۆڵی تۆمار کرد و 50 گۆڵیشی لێ تۆمار کرا.

خراپترین یانەی وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەفتی ناوەڕاست بوو کاتێک لە 38 یارییدا تەنها یەک سەرکەوتن و 13 یەکسان بوون و 23 شکستی هەبوو، 63 گۆلی لێ تۆمار کرا و 24 گۆڵیشی لە خولەکە کرد و لەگەڵ ئەمانەی بەغدا بە فەرمی دابەزین بۆ خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو.

ئەیمەن حوسێن یاریزانی قوەجەوییە بە 26 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە و مەحمود مەواسی سوری و یاریزانی شوڕتەی پاڵەوانی خولەکەش بە باشترین یاریزانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2023_2024 دەستنیشانکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button