گرنگترینیۆرۆی 2024

یۆرۆی 2024 بە ژمارە

تەواوی وردەکاری و ئامارەکانی یۆرۆ بە ژمارە بزانە

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو یۆرۆی 2024 کۆتاییدێت و ناسنامەی پاڵەوانەکە ئاشکرا دەبێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا رووماڵێکی فراوانی پاڵەوانیەتییەکەی کرد و بۆ دوا رۆژی پاڵەوانیەتییەکەش، زنجیرەیەک بابەتی جیاواز دەخاتە بەردەستی وەرگران.

لەم بابەتەدا، بە ژمارە کۆمەڵێک راستی و ئامار دەخەینەڕوو.

بەلجیکا هەشت جار گەیشتووەتە قۆناخی یەکلاکەرەوەکانی یۆرۆ، بەڵام هەرگیز یارییەکانی نەچوونەتە گێمی زیادکراو.

دوو ئاماری سەرنجڕاکێش لە کۆمەڵەی چوارەمدا تۆمارکران، رۆمانیا بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئۆکراینا تەنیا لە یەک یاریدا یەکسانبوو. لەلایەکی دیکەوە، یەکەمجارە دانیمارک لە دوو یۆرۆی یەک بە دوای یەکدا بگاتە قۆناخی دووەم. هەریەکە لە سلۆڤینیا و جۆرجیا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتنە قۆناخی دووەم. ئیسپانیا بەبێ ئەوەی یەک گۆڵی لێبکرێت، قۆناخی کۆمەڵەکانی تێپەڕاند. ئینگلتەرا یەکەمجارە دەگاتە یاری کۆتایی یۆرۆ کە دوور لە ئینگلتەرا کرابێت.

2 فرانشێسکۆ کۆنسێساو بووە دووەم یاریزان کە خۆی و باوکی گۆڵ لە یۆرۆ بکەن. سێرجیۆ کۆنچێساوی باوکی لە یۆرۆی 2000 گۆڵی کرد. پێشتر فێدێرێکۆ کیێزا لە یۆرۆی 2020 و ئێنریکۆ کیێزای باوکی لە یۆرۆی 1996 گۆڵییان کردبوو.

دیۆگۆ کۆستا یەکەم گۆڵپارێزە لە مێژووی یۆرۆدا، سێ لێدانی یەکلاییکەرەوە بگەڕێنێتەوە. یەکەم گۆڵپارێزیشە هیچ گۆڵێکی لە لێدانەکانی یەکلاییکەرەوە لێنەکرابێت (بەرامبەر سلۆڤینیا). هەروەها گارێس ساوسگەیت بووە سێیەم راهێنەر کە دووجار بگاتە یاری کۆتایی یۆرۆ، لە دوای هەریەکە لە هێلمووت شۆن و بێرتی ڤۆگتس.

4 سویسرا چوار گۆڵی لە لێدانی وەستاودا تۆمارکرد، لە کۆی گشتیدا پێنج گۆڵی کردبوو.

ئەڵمانیا 5-1 لە سکۆتلانی بردەوە و بووە دووەم هەڵبژاردە لە یاری کردنەوەی یۆرۆدا پێنج گۆڵ بکات. هاری کەین بووە پێنجەم یاریزان، زیاتر لە جارێک گۆڵ لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بکات، لە دوای هەریەکە لە ڤالێنتین ئیڤانۆڤ، ڤیکتۆر پۆنێدێلنیک، دراگان زایچ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ.

6 رۆناڵدۆ بووە یەکەم یاریزان شەش جار بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکانی یۆرۆدا بکات. رۆناڵدۆ 30 یاری لە مێژووی یۆرۆدا کردووە و بووە بەتەمەنترین یاریزان، گۆڵ لە لێدانی یەکلاییکەرەوەدا بکات. ئیسپانیا بووە یەکەم هەڵبژاردە شەش بردنەوە لە یەک پاڵەوانیەتی یۆرۆدا تۆمار بکات.

8 ئیسپانیا ژمارەی ئیتاڵیای یەکسانکردەوە و بۆ هەشتەمین جار گەیشتە یاری کۆتایی یۆرۆ. ئەڵمانیا هەشتەمین بردنەوەی لە یاری کردنەوەی یۆرۆدا بەدەستهێنا.

9 فەرەنسا لە دوا یاری قۆناخی کۆمەڵەکانی 9 پاڵەوانیەتی رابردوودا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە. 7 بردنەوە و 3 یەکسانبوون.

11 ئەلبانیا بووە یەکەم هەڵبژاردە لە گێمی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا گۆڵ لە ئیتاڵیا بکات، رێکۆردی 11 یارییەکەی ئیتاڵیای شکاند.

13 گارێس ساوسگەیت 13 یارییە لە یۆرۆ نەدۆڕاەوە (جیا لە لێدانی یەکلاییکەرەوە) 8 بردنەوە و 5 یەکسانبوون، ئەمە درێژترین رێکۆردە لە مێژووی راهێنەرانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.

16 لامین یامال بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی یۆرۆ بەشداری لە یارییەکانی قۆناخی 16دا بکات. لە یارییەکەی بەرامبەر کڕواتیا تەمەنی یامال 16 ساڵ و 338 رۆژ بوو. دوای 24 رۆژ، یامال بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی یۆرۆ لە قۆناخی پێشکۆتایی گۆڵ بکات.

18 مانوێل نۆیەر لە سێیەمین یاری قۆناخی کۆمەڵەکاندا 18مین یاری لە مێژووی یۆرۆدا کرد، رێکۆردی جیانلویجی بوفۆنی شکاند (17 جار).

19 ئاردا گولەر بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی یۆرۆدا لە یەکەم یاری گۆڵ بکات. رێکۆردی پێشووی رۆناڵدۆی بە 14 رۆژ شکاند. تەمەنی رۆناڵدۆ کە لە یەکەم بەشداریدا گۆڵی لە یۆرۆدا کرد، 19 ساڵ و 100 رۆژ بوو.

20 جود بێڵینگهام، ئەستێرەی ئینگلتەرا بووە لاوترین یاریزان بەشداری لە دوو یاری کۆتایی یۆرۆدا بکات. لە تەمەنی 20 ساڵ و 353 رۆژدا دووجار بەشداری لە یاری کۆتایی یۆرۆدا کردووە.

27 هیچ یارییەکی کۆماری چیک لە 27 یاری رابردوودا بەبێ گۆڵ تەواو نەبووە.

36 جولیان ناگلیسمان، راهێنەری ئەڵمانیا بووە بچووکترین کەس راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەکی بەشدار لە یۆرۆ بکات.

41 پێپێ بووە بەتەمەنترین یاریزان بەشداری لە یارییەکی یۆرۆدا بکات، دوا یاری بەرامبەر فەرەنسا لە تەمەنی 41 ساڵ و 130 رۆژدا کرد.

50 یاری نێوان هۆڵەندا و فەرەنسا لە قۆناخی کۆمەڵەکان 50مین یاری بوو بەبێ گۆڵ کۆتایی پێبهێت.

91.2 ئەو رێژەیە کە باشترین رێژەی پاسی پاڵەوانیەتییەکەیە و بە ناوی ئەڵمانیا کرا.

114 بەر لە یاری کۆتایی یۆرۆ 114 گۆڵ کراون، بە رێژەی 2.28 گۆڵ بۆ هەر یارییەک. گۆڵەکەی مایکڵ گرەگۆریچ، یاریزانی نەمسا بەرامبەر تورکیا 100مین گۆڵ بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button