ساول نیگوێز ئاتلێتیکۆ مەدرید جێدەهێڵێت
دوای 12 وەرز ماڵئاوایی لە مەدرید دەکات
یاریگا –
ساول نیگوێز ئاتلێتیکۆ مەدرید جێدەهێڵێت و پەیوەندی بە سێڤییای رکابەری رۆخی بلانکۆس دەکات.
رۆژنامەنووسی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوە فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاویکردووەتەوە، ساول نیگوێز گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەڵوەشاندووەتەوە و پەیوەندی بە سێڤییا دەکات.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆمانۆ، یاریزانە تەمەن 29 ساڵانییەکە لەپێناو پەیوەندیکردن بە سێڤییا قوربانی داوە و تەنیا %50ـی ئەو مووچەیە وەردەگرێت کە لە رۆخی بلانکۆس وەری دەگرت.
فابریزیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە رۆژی دووشەممە بەرەو سێڤییا گەشت دەکات، هەمان رۆژ پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی دەکات.
نیگوێز 12 وەرز یاری بۆ یانەکەی شاری مەدرید کردووە، بەشداری 427 یاری کردووە، 48 گۆڵی کردووە و 26 گۆڵیشی دروستکردووە.
نازناوێکی لالیگا، دوو نازناوی یۆرۆپالیگ، نازناوێکی جامی جیهانی یانەکان، نازناوێکی جامی سوپەری ئەوروپا، نازناوێکی جامی شای ئیسپانیا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.