راپۆرتی تایبەتکۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترین

هۆکاری شکستەکانی هەڵبژاردەکە ئاشکرابوو؛ دوو ساڵە بەڕازیل بەر نەفرەتی پشیلەیەک کەوتووە

Yariga App

یاریگا –

لەوەتەی هەڵبژاردەی بەڕازیل پشیلەیەکی ئازار داوە، ئەم هەڵبژاردەیە خێری لەخۆی نەدیوە، بەڕازیلییەکان دەڵێن لەوەتەی ئەم کارمەندەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەمان ئەم پشیلەیەی فڕێداوە، تۆپی پێی بەڕازیل راست نەبووەتەوە، شکست لەدوای شکست دێتە رێی سێلیساو.

دوو ساڵ لەمەوبەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی کرواتیا کاتێک ڤینیسیۆس جۆنیۆر قسەی بۆ میدیاکان دەکرد، پشیلەیەک لەسەر مێزی پرێس کۆنفرانسەکە بوو، ئەو کارمەندەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەڕێوە دەبرد، پشیلەکەی گرت و فڕێیدایە خوارەوە، کە ئەوکات رۆژنامەنووسە ئامادەبووەکان و داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵان رەخنەی توندیان لەو کارمەندە گرت و بە پێشێلکردنی مافی ئاژەڵانیان تۆمەتبارکرد.

لەوەتەی ئازاری ئەم پشیلەیەیان داوە، تۆپی پێی بەڕازیلی تووشی پێنج شکستی یەک لەدوای یەک بووە، هاندەرانی هەڵبژاردەکە دەڵێن: لەوەتەی ئەم پشیلەیە ئازار دراوە دوو ساڵە بەخت حاشای لە هەڵبژاردەکەیان کردووە.
وەرن با پێتان بڵێم، بەڕازیل لەدوای فڕێدانی پشیلەکە چی بەسەر هاتووە.

چەند رۆژێک دوای ئەو رووداوە، بەڕازیل لەسەر دەستی کرواتیا لە مۆندیال کرایە دەرەوە و سەماکارانی سامبا بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ماڵئاواییان کرد و بەر یەکەم نەفرەتی پشیلەکە کەوتن.

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، نێیمار لە یەکێک لە یارییەکانی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای لە ئەژنۆی تووشی پێکانێکی ترسناک بوو، بەمهۆیەوە تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە یاریگاکان و نەیتوانی بەهۆی پێکانەکەیەوە بەشداریی کۆپا ئەمریکا بکات.

نەک هەر هەڵبژاردەی یەکەم بەر نەفرەتی پشیلەکە کەوتووە، بەڵکو هەڵبژاردەی ژێر 20 ساڵانیش ساڵی رابردوو لە مۆندیال کرایە دەرەوە، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی لەسەر دەستی ئیسرائیل تووشی شکست بوون.
هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی بەڕازیلیش لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا نەیتوانی بلیتێکی ئۆڵێمپیادی پاریس بەدەست بهێنێت و لە پاڵاوتنەکان دووچاری شکستێکی چاوەڕواننەکراو بوون.

کرانە دەرەوەیان لە کۆپا ئەمریکا دوایین شکستی بەڕازیلییەکان بوو، سێلیساو لە قۆناخی چارەکی کۆتایی لەسەر دەستی ئۆرۆگوای ماڵئاوایی لە کۆپا ئەمریکای 2024 کرد، بەڕازیل دوای مۆندیال بۆ جاری دووەم لەسەریەک لە پاڵەوانێتییەکی گەورە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان کرایە دەرەوە، کە هەردووجار بەڕازیل بە ئەنجامی 4-2 لێدانە یەکلاکەرەوەکانی دۆڕاند.

لەوەتەی کارمەندە بەڕازیلییەکە پشیلەکەی فڕێداوە بەخت حاشای لە سێلیساو کردووە، دوو جار بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە پاڵەوانێتییە گەورەکان کراوەتە دەرەوە و نزیکەی ساڵیکیشە بەهۆی پێکانەوە ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەی لەدەست داوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button