ئینگلتەراگرنگترینیۆرۆی 2024

ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ی هۆڵه‌ندا و ئینگڵته‌را پێشتر به‌هۆی گه‌نده‌ڵی بەندكراوه‌

Yariga App

یاریگا –

شه‌وی رابردوو فلێكس زڤایه‌ری ناوبژیوانی ئه‌ڵمانی یارییه‌كه‌ی هۆڵه‌ندا و ئینگڵته‌رای به‌رێوه‌برد، دوای ئه‌وه‌ی لێدانی سزای بۆ ئینگڵته‌را هه‌ژماركرد ره‌خنه‌ی زۆری لێگیرا، پێشتریش به‌هۆی وه‌رگرتنی به‌رتیل 6 مانگ زیندانی كراوه.

به‌هۆی هه‌ژماركردنی ئه‌م لێدانه‌ سزایه‌، گاری نێڤێل و جیمی كاراگه‌ر هه‌ردوو ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵته‌را، هه‌روه‌ها كۆمان و ڤاندایك هێرشێكی توندیان كرده‌ سه‌ر ناوبژیوان پێیان وابوو ئه‌و لێدانه‌ سزای بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵته‌را هه‌ژمار كرا لێدانی سزا نه‌بوو.

له‌ ساڵی 2005 زڤایه‌ر تەمەنی 19 ساڵ بوو، لە یاری نێوان ڤوپەرتالەر ئێس ڤی و ڤێردەر بریمەن، به‌رتیلی له‌ به‌رپرسێكی باڵای یانه‌ی برێمه‌ن وه‌رگرتبوو، دانی بەوەدانا کە 300 یۆرۆ وەرگرتووە، دوای ئاشكرابوونی  ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ رۆبەرت هۆیزەر كه‌ ناوبژیوانی ناوه‌راست بوو بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ سڕكرا و زڤایه‌ریش كه‌ یاریده‌ده‌ری بوو بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی كرا.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە ئەم سركردنه‌ و زیندانیكردنه‌، فیدراسۆنی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا تا ساڵی 2023 ئه‌م بابه‌تی شاردبووه‌وه‌،  به‌ڵام دواتر كه‌نالێكی ئه‌ڵمانی ئاشكرایكرد.

لە ساڵی 2021 جود بێلینگهام لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە له‌سه‌ر ئه‌م ناوبژیوانه‌ سزا درا.

دوای دۆڕانی بروسیا دۆرتمۆند بەرامبەر بایرن میونشن له‌ ساڵی 2021 بێڵینگهام  قسه‌ی له‌سه‌ر  ناوبژیوانه‌ كرد و گوتی، ناوبژیوانێک کە تێوه‌گلاوه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و یاریكردن به‌ئەنجامی یارییەکان چۆن ده‌كرێت یارییه‌كی له‌م جۆره‌ به‌رێوه‌ببات، له‌سه‌ر ئه‌م لێدوانه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا 40 هه‌زار یۆرۆ سزایدا.

له‌ كاتی یارییه‌كانی یۆرۆش، زۆرێك له‌ هه‌ڵبژارده‌كان ره‌تیان كرده‌وه‌ ئه‌م ناوبژیوانه‌ یارییه‌كانیان به‌رێوه‌ببات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سێ یاری لە یۆرۆی 2024ی وه‌كو ناوبژیوانی ناوه‌راست یارییه‌كانی به‌رێوه‌بردووه‌، ئه‌وانیش یارییه‌كانی، ئیتاڵیا بەرامبەر ئەلبانیا یارییەکەی پورتوگال و تورکیا له‌گه‌ڵ یارییه‌كه‌ی هۆڵەندا و رۆمانیا.

جیم كاراگه‌ر یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵته‌را و شرۆڤه‌كاری تۆپی پێی له‌ باره‌ی لێدانه‌ سزاكه‌ی ئینگلته‌را به‌رامبه‌ر هۆڵه‌ندا هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوبژیوان گوتی، ناوبژیوان زوڵمی له‌ هۆڵه‌ندا كرد، ئه‌و لێدانه‌ سزایه‌ی بۆ ئینگڵته‌را هه‌ژماركرا لێدانی سزا نه‌بوو.

گاری نیڤیل كاپتن پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵته‌را و یانه‌ی مانچێسته‌ر یوتایتد و شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ گوتی، لێدانه‌ سزاكه‌ی بۆ ئینگڵته‌را هه‌ژماركرا لێدانی سزا نه‌بوو، ئینگڵاند به‌ختی هه‌بوو ئه‌م لێدانه‌ سزایه‌ی وه‌رگرت.

كۆمانیش ده‌ڵێت: بە هیچ شێوەیەک لێدانی سزا نەبوو، دمفریس هەوڵیدا تۆپەکە دووربخاته‌وه‌ تۆپی پێ بەم بڕیارانەی VAR لەناو دەچێت.

رۆی كه‌ینی یاریزانی پێشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد و هه‌ڵبژارده‌ی سكۆتله‌نداش ده‌ڵێت، پێموانیه‌ لێدانی سزا بێت.

ڤان دایکی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌نداش گوتی، ناوبژیوان دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە بە خێرایی چووه‌ ژووره‌وه‌ ئەمە زۆر شت روون دەکاتەوە ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێدانی سزا نه‌بوو نازانم ناوبژیوان چۆن ئه‌م بڕیاره‌یدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button