عێراق

شوڕتە بەبێ چوار یاریزانی یاریی کۆتایی جامی عێراق بەرامبەر قوەجەوییە دەکات

ناوبژیوانی ئۆزبەکی یارییەکە بەڕێوەدەبات

Yariga App

یاریگا-

شوڕتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی چوار یاریزانی رووبەری قوەجەوییە دەبێتەوە.

چوارشەممه ( 10ـی تەممووز/یۆلیۆ 2024) کاتژمێر 8ـی شەو لە یاریگای شەعب شوڕتە و قوەجەوییە لە یاری کۆتایی جامی عێراق بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، بە هۆی پێکانەوە شوڕتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی هەریەک لە یاریزانان کەرار عامڕ و عەبدولمجید ئەبوبەکر و عەلی حوسنی و موهەنەد عەلیەوە بێ بەش دەبێت، عومڕو فەتحی میسڕی یاریدەدەری راهێنەری شوڕتە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند:

یارییەکەمان بەرامبەر قوەجەوییە ئاسان نابێت، بەڵام دەمانەوێ بۆ یەکەمجار لە مێژوو یانەکە بکەینە پاڵەوانی جامی عێراق، ئامادەکارییەکانیشمان وەک هەر ئامادەکاری یارییەکی خول ئاسایی یە، پاڵەوان بوونمان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی جامی عێراقیش بەدەستبهێنین، هەوڵدەدەین یاریزانە پێکراوەکان کاریگەرییان لە سەر تیپەکە نەبێت و شوێنیان پڕبکەینەوە.

سەفوان عەبدولغەنی یاریدەدەری راهێنەری قوەجەوییە کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق گوتی:

یاریی بەرامبەر شوڕتە یاریی لووتکەیە وەک چۆن لە خولیش پلەی یەکەم و دووەممان بەدەستهێناوە، یاری کۆتایی جام تایبەتمەندی خۆی دەبێت بۆ ئێمە چونکە هاندەرانمان نیگەران بوون کاتێک خولمان لە دەستدا و هەوڵدەدەین بە بەدەستهێنانی نازناوی جامی عێراق دڵخۆشیان بکەین، بە هۆی یارییەکانی خول پاڵەپەستۆی زۆرمان لەسەرە بەڵام سەرجەم یاریزانەکان و ئێمەش سورین لە سەر ئەوەی ئەم یارییە ببەینەوە و ببینە پاڵەوانی جامی عێراق.

هەر دوو یانەی شوڕتە و قوەی جەوی رێککەوتوون کە پلیتی یاریی کۆتایی جامی عێراق نرخەکەی 10 هەزار بێت و چاوەڕوان دەکرێت زۆرترین هاندەریش لە یاریگا ئامادەبێت، دەستەی ناوبژیوانی ئۆزبەکستانی یارییەکە بەڕێوەدەبەن کە ئەلگیس تاتاشیف ناوبژیوانی ناوەڕاست دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button