ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتیۆرۆی 2024

چۆن ئینگلتەرا گرێکوێرەی لێدانە یەکلاکەرەوەکانی لە پاڵەوانێتییە گەورەکان کردەوە؟

230 توێژینەوە بوونە هۆی ئەوەی پەنجە لەسەر هەڵەکان دابنرێت

Yariga App

یاریگا –

ساڵانێکی زۆر بوو لێدانە یەکلاکەرەوەکان بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ببووە دێوەزمەیەک کەس نەیدەزانی و نەیدەتوانی چۆن بیبەزێنێت، بەڵام ئینگلیزەکان بە پشتبەستن بە زانست سەلماندیان لێدانە یەکلاکەرەوەکان لۆتۆ نییە و تەنیا بەخت یەکلای ناکاتەوە.

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مێژوودا لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا 11 جار یارییەکانی گەیشتبووە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، سێ شێرەکان تەنیا 3 جار بەخت یاوەریان ببوو، 8 جار بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکان کردبوو.

سڤین گۆران ئێریکسن، فابیۆ کاپیلۆ و رۆی هۆدسۆن بڕوایان وابوو ئینگلتەرا لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بەخت یاوەری نییە و ئەمە بەشێکە لە قەدەری هەڵبژاردەکە، بەڵام گارێس ساوسگەیت دوای ئەوەی بووە راهێنەری ئینگلتەرا، ساڵی 2017 پێچەوانەی راهێنەرەکانی پێشووی خۆی بڕیاریدا گرێکوێرەی لێدانە یەکلاکەرەوەکان بۆ هەڵبژاردەکەی بکاتەوە.

داوای لە کریس مارکهام گەشەپێدەری یارییەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا کرد بە پشتبەستن بە توێژینەوەی زانستی هۆکاری بەدبەختی ئینگلتەرا لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بدۆزێتەوە، کریس مارکهامیش پەنای بردە بەر گیێر جۆردێت کە دەروونناسێکی وەرزشیی نەرویجییە و ئەم پیاوە نەرویجییە پێشتر لە ئەکادیمیاکانی ئارسێناڵ و تەمەنە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کاری کردبوو، بە پرۆفیسۆری پێناڵتی ناوزەد دەکرێت.

ئەم پرۆفیسۆرە نەرویجییە لە رێگای تیمێکی تایبەت 230 توێژینەوەی لەبارەی لێدانە یەکلاکەرەوەکانی ئینگلتەرا کرد، سەرجەم توێژینەوەکان لەپێناوی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بوون، بۆچی ئینگلتەرا بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییە گەورەکان دەکات؟

یەکێک لەو راستییانەی توێژینەوەکان دەریانخست، پەلەکردنی یاریزانانی ئینگلتەرا بوو لەکاتی جێبەجێکردنی لێدانە یەکلاکەرەوەکان، لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە گەورەکانی هەڵبژاردەکان دەرکەوت یاریزانانی ئینگلتەرا دوای فیکەی ناوبژیوان خێراترین هەڵبژاردەن، یاریزانەکانی ئینگلتەرا بە تێکڕای 0.27 چرکە دوای فیکەی ناوبژیوان پێناڵتییەکە لێدەدەن، بۆیە یەکێک لە راسپاردەکانی پرۆفیسۆرە نەرویجییەکە ئەوە بوو، نابێت یاریزانەکان لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان پەلە بکەن، لە یارییەکەی سویسڕا لە یۆرۆی 2024 یەکێک لەو کلیلانەی بووە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەی لێدانە یەکلاکەرەوەکان ئارام و لەسەرخۆیی یاریزانەکان بوو، تێکڕای ماوەی پێویستی یاریزانانی ئینگلتەرا دوای فیکەی ناوبژیوان بۆ جێبەجێکردنی پێناڵتییەکان 5.2 چرکە بوو، لەکاتێکدا تێکڕای ماوەی پێویستی یاریزانانی سویسرا 1.3 چرکە بوو.

Three Lions' hero Ivan Toney takes spot-kicks in a unique style

یەکێکی دیکە لە راسپاردەکانی توێژینەوەکانی پرۆفیسۆرە نەرویجییەکە پشتبەستن بوو بە یاریزانە تایبەتمەندەکانی پێناڵتییەکان، هەربۆیە لە یۆرۆی 2024 ئیڤان تۆنی و کۆل پالمەر و بوکایۆ ساکا و هاری کەین پێناڵتییەکانیان لێدا کە لە یانەکانیان بەرپرسیاری یەکەمن لە جێبەجێکردنی لێدانە سزایەکان.

راسپاردەیەکی دیکەی کریس مارکهام و تیمەکەی ئەوە بوو، یاریزانەکان لەکاتی لێدانە یەکلاکەرەوەکان ستایلی خۆیان نەگۆڕن و هەر بەو شێوازە پێناڵتییەکان لێبدەن کە لەسەری راهاتوون، ئیڤان تۆنی کە لەگەڵ برێنتفۆرد هیچ لێدانێکی سزای لەدەست نەداوە، لە یارییەکەی سویسڕا هەر بەو شێوەیە پێناڵتییەکەی لێدا کە لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ راهاتبوو، بەبێ ئەوەی سەیری تۆپەکە بکات، پێناڵتییەکەی جێبەجێکرد.

Jordan Pickford's secret penalty cheat sheet revealed after England sink Switzerland at Euro 2024 | The Independent

جۆردان پیکفۆرد یەکێکی دیکە بوو لەو هۆکارانەی ئینگلتەرا گرێکوێرەی لێدانە یەکلاکەرەوەکان بکاتەوە، ئەم گۆڵپارێزە لەکۆی 14 لێدانی یەکلاکەرەوە تاوەکو ئێستا چوار لێدانی گەڕاندووەتەوە. پیکفۆرد ئەگەر بەرامبەر سویسرا بە تەواوەتی پابەندی ئەو رێنماییانە بووایە کە لەبارەی پێناڵتییەکانی یاریزانانی سویسڕا لەسەر بوتڵی ئاوەکەی بۆی نووسرابوون، پێناڵتییەکەی دیکەشی دەگەڕاندەوە، لەسەر بوتڵەکەی پیکفۆرد نووسرابوو فابیان شار پێناڵتییەکەی بۆ لای چەپ بە نزمی لێدەدات، بەڵام گۆڵپارێزەکەی ئێڤەرتن بۆ لای راست خۆی هەڵدا و گۆڵی لێکرا.

دەستنیشانکردنی ئاڕاستەی پێناڵتی مانوێل ئاکانجی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، چونکە هەرگیز ئەو بەرگریکارە سویسرییە لەگەڵ یانەکان و هەڵبژاردەکەی پێناڵتی جێبەجێ نەکردبوو، کەچی راسپاردەکە ئەوە بوو پیکفۆرد خۆی بۆ لای چەپ هەڵبدات و هەرواشی کرد و پێناڵتییەکەی گەڕاندەوە و هەڵبژاردەکەی پەڕاندەوە قۆناخی پێش کۆتایی.

بابەتی زیاتر

Back to top button