هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق دەچێتە فەڕەسا
یاریگا-
بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، هەڵبژاردەی ژێر 23ساڵانی عێراق بەبێ یاریزانەکانی قوەجەوییە دەچێتە فەرەنسا.
بڕیارە سبەی سێ شەممە ( 9ـی تەممووز/یۆلیۆی 2024) هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس گەشتی فەڕەنسا بکات، هەڵبژاردەکە بەبێ یاریزانانی قوەجەوییە گەشتەکە دەکات و لەم بارەیەوە جەبار هاشم بەڕێوەبەری کارگێڕی هەلبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق بە کەناڵی رابیعە ریازی رایگەیاند:
بە هۆی یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان قوەجەوییە و شوڕتە یاریزانانی قوەجەوییە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق گەشت ناکەن و دوای ئەم یاریی کۆتایی دەگەنە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە، یاریزانە پیشەگەرەکانیش راستەوخۆ پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقەوە دەکەن لە فەرەنسا.
هەرسێ یاریزانی سەرووی 23 ساڵان لە یانەی قوەجەوییەن کە هەر یەک لە ئەیمەن حوسێن و ئیبراهیم بایش و سەعد ناتقن بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق کراون، وە عەلی جاسمیش بە تەمەنی یاسایی خۆیەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق کراوە.
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق بە راهێنەرایەتی رازی شنێشل لە شاری بۆردۆی وڵاتی فەرەنساکەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس کە عێراق لە کۆمەڵەی دووەم لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و مەغریب و ئۆکڕانیا یاریی دەکات و بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم مانگە یارییەکانی دەستپێبکات.