گرنگترینیۆرۆی 2024

‘سڵاوی گورگ’ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی دیپلۆماسی بەرلین و ئەنقەرە دەکات

ئەردۆغان سەردانێکی بەپەلەی بۆ ئەڵمانیا رێکخستووە

Yariga App

یاریگا –

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە دوای ‘سڵاوی گورگ’-ی مێری دەمیڕال، باڵیۆزی تورکیای لە وڵاتەکەی بانگکرد.

لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، دەمیڕال لەسەر شێوازی پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیا ئاهەنگی گێڕا و سڵاوی لە هاندەران کرد، پێدەچێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵاتەکە بکات، هەرچەندە بڕیارە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئامادەی یاری داهاتووی تورکیا لە بەرامبەر هۆڵەندا بێت.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ لێکۆڵینەوە لەگەڵ مێری دەمیڕال، بەرگریکاری تورکیا دەستپێکردووە، دوای شێوازە پڕ ‘مشتومڕەکەی’ لە یاریی رابردوو بەرامبەر نەمسا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا تۆمەتەکانی سەر دەمیڕالی رەتکردەوە

لێکۆڵینەوەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا قبووڵکراو نین و مامەڵەی دامودەزگاکانی ئەڵمانیا لەگەڵ دەمیڕال، دەچنە ژێر باری لەبێگانەترسی.

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆزی ئەڵمانیای لە بەرلین بانگکرد و نیگەرانی خۆی لە دوا پەرەسەندنەکانی دوای یارییەکەی تورکیا و نەمسا دەربڕی.

کەناڵی NTV تورکی بڵاویکردووەتەوە، ئەردۆغان خشتەی کارەکانی گۆڕیوە و بڕیاریداوە شەممە سەردانی بەرلین بکات و ئامادەی یاریی نێوان تورکیا و هۆڵەندا ببێت. بڕیاربوو ئەردۆغان شەممە ئامادەی لووتکەی رێکخراوەکانی دەوڵەتەکانی تورکیچ (گەلانی تورک زمان) لە ئازەربایجان ببێت، بەڵام پلانەکەی هەڵوەشاندەوە.

لە یارییەکەدا، دەمیڕال هاوشێوەی ئەندامانی ‘گورگە بۆرەکان – Grey Wolves’ سڵاوی ‘گورگی’ کرد. گورگە بۆرەکان، گرووپێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیایە، نزیکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا ‘MHP’یە، کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە حکومەتی ئێستای تورکیا.

هەرچەندە ‘سڵاوی گورگ’ لە ئەڵمانیا قەدەخە نەکراوە، بەڵام کاردانەوەی یوندی دروستکردووە. نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە توندی رەخنە لە یاریزانەکە گرت و لە پۆستێکی پلاتفۆڕمی ئێکسدا دەڵێت

سیمبووڵی راستڕەوە توندڕەوەکانی تورکیا هیچ شوێنێکیان لە یاریگاکانی ئەڵمانیا نییە. بەکارهێنانی پاڵەوانیەتی تۆپی پێی ئەوروپا وەک سەکۆیەک بۆ رەگەزپەرستی بە تەواوی قبووڵکراو نییە.

گورگە بۆرەکان بە هێرشکردنە سەر پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا بەناوبانگن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 2021 داوای لە ئەندامان کرد، بزووتنەوەی گورگەکانی بۆر بخەنە لیستی تیرۆر و چالاکییەکانی لە ئەوروپا قەدەخە بکەن.

لە مارس/ئاداری رابردوودا، گروپێکی نەژادپەرستی تورکیا بە سڵاوی گورگ، هێرشییانکردە سەر چەند خێزانێک کورد کە لە شارێکی بەلجیکا خەریکی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز بوون. ئەوکاتە شەش کەس برینداربوون و گروپەکە ئاڵای کوردستانیان سووتاند.

بابەتی زیاتر

Back to top button