ئیتاڵیائینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

هەموو شتێک تەواو؛ کالافیۆری دەبێتە یاریزانی ئارسێناڵ

دەبێتە یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەی یانە لەندەنییەکە

Yariga App

یاریگا –

ئارسێناڵ لە یەکلاکردنەوەی یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەی نزیک دەبێتەوە و بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ کالافیۆری دەباتە ریزەکانی.

جیانلوکا دی مارزیۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، ئارسێناڵ لەگەڵ بۆلۆنیا گەیشتووەتە رێککەوتن بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ ریکاردۆ کالافیۆری بەرگریکاری ئیتاڵی دەباتە ریزەکانی، دوای ئەوەی یانە لەندەنییەکە ئۆفەری یەکەمی لەلایەن یانە ئیتاڵییەکەوە رەتکرایەوە، گەنەرز ئۆفەرێکی دیکەی پێشکەش کردووە و ئەو بڕە پارەیە دەدات کە بۆلۆنیا داوای دەکات.

میدیاکانی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا رایانگەیاندووە، ئارسێناڵ لەگەڵ کالافیۆری لەسەر بەندە کەسییەکان گەیشتووەتە رێککەوتن، تەنیا ماوە بۆلۆنیا رازی بێت، لەبەر ئەوەی ئارسێناڵ و بۆلۆنیا پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ یەکتری هەیە، گەنەرز نزیکە ئەو بەرگریکارە ئیتاڵییە بباتە ریزەکانی.

رۆژنامەی کۆرێری دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، گەرچی بۆلۆنیا ئۆفەری یەکەمی ئارسێناڵی رەتکردەوە کە 47 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام ئارسێناڵ ئۆفەری دووەمی کردووەتە 50 ملیۆن یۆرۆ، کە جگە لە یانە لەندەنییەکە هەریەکە لە ریال مەدرید و یوڤێنتۆس و چێڵسی لەسەر هێل بوون بۆ ئەوەی کالافیۆری بگوازنەوە ریزەکانیان.

Image

ریکاردۆ کالافیۆری کێیە؟

کالافیۆری 19ـی مایۆ/ئایاری 2002 لە رۆما لەدایکبووە، شەش ساڵ لەمەوبەر دووچاری پێکانێکی سەخت بوو، ئەم یاریزانە نەک هەر نزیکبوو واز لە یاریکردن بهێنێت، بەڵکو پزیشکەکان پێیان گوت ئەستەمە بتوانیت جارێکی دیکە لەسەر پێیەکانت بڕۆی.
لە ئۆکتۆبەری 2018 لە چامپیۆنزلیگی لاوان لە یاریی دووەمی خۆی لەگەڵ تیپی ژێر 19 ساڵانی رۆما بەرامبەر ڤیکتۆریا پلزن لە ئەژنۆی راستی تووشی پێکانێکی سەخت بوو، کالافیۆری کە ئەوکات تەمەنی تەنیا 16 ساڵان بوو، پێکانەکەی هێندە سەخت بوو، پزیشکەکان دەڵێن 10 ساڵ جارێک پێکانی وا روودەدات، پزیشکەکان پێیان گوتبوو ناتوانیت چیدیکە یاریی بکەیتەوە و بڕوایان وابوو مەترسی هەیە بتوانێت جارێکی دیکە لەسەر پێیەکانی بڕوات.
کالافیۆری گەرچی ساڵێکی لەسەر جێگا بەسەر برد، بەڵام 347 رۆژ دوای پێکانەکەی گەڕایەوە و کۆڵی نەدا.
بەرگریکارە ئیتاڵییەکە دوای گەڕانەوەی بۆ یاریکردن لە لێدوانێکی بە کەناڵی یانەی رۆمای گوت: هەمووان بێ هیوا ببوون، ئەژنۆی راستم سێ هێندەی ئەژنۆی چەپم ئەستوور ببوو، هەمووان بڕوایان نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان بتوانم یاریی بکەمەوە، بەڵام من کۆڵم نەدا، چونکە خەونی گەورەم هەیە’.
لەوکاتەی کالافیۆری لەسەر جێگا کەوتبوو، ئیدین دزیکۆ هێرشبەری رۆما دوای گۆڵێکی درێسی کالافیۆری بەرزکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو یاریزانە کرد بۆ ئەوەی بتوانێت پێکانەکەی تێبپەڕێنێت.
کالافیۆری دوای ئەوەی ئالنگارییە گەورەکەی پێکانی ئەنۆی بردەوە، رووبەڕووی ئالنگارییەکی دیکە بووەوە، خۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری ئەوکاتی رۆما ئەو یاریزانەی بەڕێکرد و لە یانەکە دەریکرد، کالافیۆری لە رۆماوە چووە جێنەوا و دواتر چووە بازلی سویسڕی، ساڵێک لەمەوبەریش پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بۆلۆنیا کرد.
کالافیۆری هاوینی رابردوو بەرامبەر چوار ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ بۆلۆنیا واژۆ کرد، کەچی ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی 30 ملیۆن یۆرۆیە و یانەکە داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button