گرنگترینیۆرۆی 2024

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە ‘سڵاوەکەی’ دەمیڕال دەکات

پێشبینی سزای توند دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ لێکۆڵینەوە لەگەڵ مێری دەمیڕال، بەرگریکاری تورکیا دەکات، دوای شێوازە پڕ ‘مشتومڕەکەی’ لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر نەمسا.

لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، دەمیڕال لەسەر شێوازی پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیا ئاهەنگی گێڕا و سڵاوی لە هاندەران کرد.

یاریزانی ئەهلی سعودی و پێشووی یوڤێنتوس، لە خولەکی یەکەمدا گۆڵی یەکەمی کرد و لە ناوەڕاستی گێمی دووەمیشدا گۆڵی دووەمی تیمەکەی کرد و لە قۆناخی داهاتوودا، تورکیا رووبەڕووی هۆڵەندا دەبێتەوە.

ئاژانسی پاراستنی دەستوور لە ئەڵمانیا بزووتنەوەی گورگەکانی خۆڵەمێشی بە گروپێکی توندڕەو دادەنێت، هەروەها ئەم جۆرە سڵاوە لە فەرەنسا و نەمسا قەدەخەکراوە. لە ساڵی 2019 پەرلەمانی نەمسا بە یاسای رەتکردنەوەی سیمبووڵی رێکخراوە توندڕەوەکان، سڵاوەکەی قەدەخەکرد و بە پڕوپاگەندەی هەژمار دەکات.

لە یاریی دوێنێ شەودا، دەمیڕال هاوشێوەی ئەندامانی ‘گورگەکانی خۆڵەمێشی – Grey Wolves’ سڵاوی ‘گورگی’ کرد. گورگەکانی خۆڵەمێشی، گرووپێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیایە، نزیکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا ‘MHP’یە، کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە حکومەتی ئێستای تورکیا.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە

لە یاری قۆناخی 16ی نێوان نەمسا و تورکیا کە لە لایپزیگ بەڕێوەچوو، بە بیانووی رەفتارێکی نەشیاو دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە بە پشتبەستن بە ماددەی 31 لە رێساکانی تەمبێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، لە بەرامبەر مێری دەمیڕال، یاریزانی تۆپی پێی تورکیا کراوەتەوە.

لە دوای یارییەکە، دەمیڕال دڵخۆشی خۆی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ دەربڕی و لەبارەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە گوتی ‘زۆر شانازی دەکەم’

ئەم شێوازەی ئاهەنگگێڕانەم ئامادەکردبوو و بەو شێوەیەش ئاهەنگم گێڕا. زۆر شانازی دەکەم کە تورکم، لە دوای گۆڵەکەش زۆر هەستم بە تورک بوونی خۆم کرد. زۆر دڵخۆشم بەوەی کردوومە.

ئەمە قسەی مستەفا کەمال ئەتاتوورک، دامەزرێنەری تورکیای نوێیە و ئاماژەی رەگەزپەرستی روونی بۆ پێکهاتەکانی دیکەی تورکیای وەک کورد، ئەرمەن، یۆنانی و ئاشوورییەکان تێدایە.

گورگە خۆڵەمێشییەکان بە هێرشکردنە سەر پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا بەناوبانگن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 2021 داوای لە ئەندامان کرد، بزووتنەوەی گورگە خۆڵەمێشییەکان بخەنە لیستی تیرۆر و چالاکییەکانی لە ئەوروپا قەدەخە بکەن.

لە مارس/ئاداری رابردوودا، گروپێکی نەژادپەرستی تورکیا بە سڵاوی گورگ، هێرشییانکردە سەر چەند خێزانێک کورد کە لە شارێکی بەلجیکا خەریکی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز بوون. ئەوکاتە شەش کەس برینداربوون و گروپەکە ئاڵای کوردستانیان سووتاند.

بابەتی زیاتر

Back to top button