راپۆرتی تایبەتگرنگترینیۆرۆی 2024

هەموو شتێک بزانە؛ سڵاوی ‘گورگی’ دەمیڕال چییە و چ پەیوەندییەکی بە کوردەوە هەیە؟

شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دەمیڕال کاردانەوەی توندی دروستکردووە

Yariga App

یاریگا –

شەوی رابردوو، مێری دەمیڕال، بەرگریکاری هەڵبژاردەی تورکیا، دوو گۆڵی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا کرد و تیمەکەی گەیاندە قۆناخی 8ی یۆرۆی 2024.

لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، دەمیڕال لەسەر شێوازی پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیا ئاهەنگی گێڕا و سڵاوی لە هاندەران کرد.

یاریزانی ئەهلی سعودی و پێشووی یوڤێنتوس، لە خولەکی یەکەمدا گۆڵی یەکەمی کرد و لە ناوەڕاستی گێمی دووەمیشدا گۆڵی دووەمی تیمەکەی کرد و لە قۆناخی داهاتوودا، تورکیا رووبەڕووی هۆڵەندا دەبێتەوە.

لە دوای گۆڵی دووەم، دەمیڕال هاوشێوەی ئەندامانی ‘گورگە خۆڵەمێشییەکان – Grey Wolves’ سڵاوی ‘گورگی’ کرد. گورگە خۆڵەمێشییەکان، گرووپێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیایە، نزیکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا ‘MHP’یە، کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە حکومەتی ئێستای تورکیا.

سڵاوەکە کاردانەوەی توندی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا بەدوای خۆیدا هێناوە. ‘سڵاوی گورگ’ لە نەمسا قەدەخەکراوە و هەرکەسێک سڵاوەکە بکات، دەبێ بەبڕی چوار هەزار یۆرۆ پێبژاردن بدات.

مایکڵ بۆنڤاڵۆت، رۆژنامەنووسی نەمسایی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی

بەڕوونی سیمبوڵی گروپی گورگە خۆڵەمێشییەکان توندڕەو بەرز دەکاتەوە. ئەم گروپە میلیشیاییانە بەرپرسن لە کوژرانی هەزاران کەس، ئێستاش بەیەکەوە لەگەڵ حکومەتی تورکیا و ئاکپارتی حکومڕانی دەکەن. کەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کاردانەوەی دەبێت؟

دوزەن تێکال، رۆژنامەنووسێکی ئێزدی-ئەڵمانییە، لە دوای جووڵەکەی دەمیڕاڵ، پۆستێکی توندی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردەوە

دەمیڕاڵ بەڕوونی سڵاوی گروپی گورگەکانی راستڕەوی توندڕەو بەرزدەکاتەوە، ئەمەش گاڵتەکردن بە قوربانییەکان.

لە دوای یارییەکە، دەمیڕاڵ دڵخۆشی خۆی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ دەربڕی و لەبارەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە گوتی ‘زۆر شانازی دەکەم’

ئەم شێوازەی ئاهەنگگێڕانەم ئامادەکردبوو و بەو شێوەیەش ئاهەنگم گێڕا. زۆر شانازی دەکەم کە تورکم، لە دوای گۆڵەکەش زۆر هەستم بە تورک بوونی خۆم کرد. زۆر دڵخۆشم بەوەی کردوومە.

لەدوای لێدوانەکەش، دەمیڕاڵ پۆستێکی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردەوە و بە تورکی نووسیبووی ”Ne Mutlu Turkum Diyene !” بە واتای ”ئەو کەسە چەند دڵخۆشە کە دەڵێت تورکم”.

ئەمە قسەی مستەفا کەمال ئەتاتوورک، دامەزرێنەری تورکیای نوێیە و ئاماژەی رەگەزپەرستی روونی بۆ پێکهاتەکانی دیکەی تورکیای وەک کورد، ئەرمەن، یۆنانی و ئاشوورییەکان تێدایە.

گورگە خۆڵەمێشییەکان بە هێرشکردنە سەر پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا بەناوبانگن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 2021 داوای لە ئەندامان کرد، بزووتنەوەی گورگە خۆڵەمێشییەکان بخەنە لیستی تیرۆر و چالاکییەکانی لە ئەوروپا قەدەخە بکەن.

لە مارس/ئاداری رابردوودا، گروپێکی نەژادپەرستی تورکیا بە سڵاوی گورگ، هێرشییانکردە سەر چەند خێزانێک کورد کە لە شارێکی بەلجیکا خەریکی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز بوون. ئەوکاتە شەش کەس برینداربوون و گروپەکە ئاڵای کوردستانیان سووتاند.

مێری دەمیڕال لە ساتی ئاهەنگگێڕانی گۆڵی دووەمی بەرامبەر نەمسا – لایپزیگ

بابەتی زیاتر

Back to top button