یاریگا-
سەرکەوتن یاخود یەکسان بوونی هەولێر بەرامبەر قوەی جەوی و بردنەوەی شوڕتە لە نەجەف ئەوا یانەی شوڕتە دەبێتە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
لە گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ ( 1ـی تەموز / یۆلیۆی 2024) قوەی جەوی و هەولێر کاتژمێر 9:30ـی شەو لە یاریگای شەعب رووبەرووی یەکتر دەبنەوە، ئەم یارییە گرینگی تایبەتی هەیە لە رووی دەستنیشانکردنی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، جەویە پێویستە هەرسێ یاری داهاتووی بباتەوە و چاوەڕوانی شکستی یانەی شورتە بکات بۆ ئەوەی بێتەوە خانەی یەکەم، شوڕتەش لە سێ یاری داهاتوودا پێویستی بە دوو سەرکەوتنە بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامەکانی قوەی جەوی بۆ ئەوەی بۆ سێیەم وەرز لە سەریەک ببێتە پاڵەوانی خولەکە و لە هەمان کاتی ئەو یاریەشدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر نەجەف یاریی دەکات، هەولێریش پێویستی بە خاڵێکە تاوەکو بە فەرمی لە ناوچەی دابەزین دووربکەوێتەوە.
مێژوو لە بەرژەوەندی قوەی جەویە
قوەی جەوی و هەولێر 58 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، جەویە لە 38 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هەولێریش 10 یاریی بردۆتەوە و لە 10 یارییشدا یەکسان بوونە، جەویە 114 گۆڵی لە هەولێر کردووە و هەولێریش 38 گۆڵی تۆمار کردووە، یەکەم یاریی فەرمیان لە 29\10\1987 بوو لە خولی پلە یەکی عێراق لە یاریگای هەولێر بەڕێوەچوو کە جەویە یارییەکەی بە ئەنجامی 2 _ 1 بردەوە، گۆڵکاری مێژوویی یاریی نێوان هەر دوو یانە ئەکرەم عەمانوێلە لە قوەی جەوی کە 14 گۆڵی لە یانەی هەولێر تۆمار کردووە،
قوەی جەوی بەڕاهێنەرایەتی رەزاق فەرحان یاریزانی نێودەوڵەتی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق لە خانەی دووەمە بە 75 خاڵ و هەولێریش 37 خاڵی هەیە و لە خانەی 14ەمـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.