ئاسیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینمۆندیالی 2026

هاندەرانی عێراق هاشتاگی ‘گەڕاج حوێدر’ لە دژی ئوردن و کوێت بەکاردەهێنن؟ گەڕاج حوێدر چییە؟

بابەتێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەبارەی هەڕەشەی هاندەرانی عێراق بۆ هاندەرانی ئوردن و کوێت

Yariga App

یاریگا –

لە دوای راکێشانی تیروپشکی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026، ناوێکی نوێ لەنێو شەقامی وەرزشی عێراقیدا بووەتە ترێند.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی ‘گەڕاج حوێدر’ پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا تەنیوە، تەنانەت لە پلاتفۆرمی ئێکس بووەتە ترێندی ژمارە یەک لە عێراق.

هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق ناوی ‘گەڕاج حوێدر’ لە یاریگای ‘جزع ئەلنەخلە’ی شاری بەسڕە دەنێن. بەڵام ئەمە وەک گاڵتەپێکردن و ناشرینکردنی ناوی یاریگاکە نییە، بەڵکو دەبێتە دروشمێک بۆ گەشبینی و بردنەوەکان، کە عێراقییەکان دەیانەوێت هەستی گەیشتن بە مۆندیال تاقیبکەنەوە.

گەراج حوێدر لە چییەوە هاتووە؟

لە رەمەزانی رابردوودا، بەشی دووەمی زنجیرەی ‘عالەم ست وەهیبە’ پەخشکرا و ناوبانگێکی زۆری لە نێو عێراقییەکان پەیدا کرد. لە زنجیرەکەدا گەرجێک بە ناوی ‘حوێدر’ هەبوو، بنکەی سەرەکی چەتەکانی نێو زنجیرەکە بوو و زۆربەی رووداوە سەرنجڕاکێشەکان لەو گەراجەدا روویاندا. بەشی یەکەمی زنجیرەکە لە ساڵی 1997 پەخشکرابوو. بەڵام بۆچی عێراقییەکان ئەم ناوەیان لە یاریگای ‘جزع ئەلنەخلە’ ناوە؟

عێراقییەکان ناوی ‘گەڕاج حوێدر’یان بە گونجاو زانیوە، تاوەکو ببێتە نازناوی نوێی یاریگا جوانەکەی بەسڕە، لە زنجیرەکەدا، ‘گەڕاج  حوێدر’ بە رووداوی تاوانکاری و توندوتیژی لێدەکرا، بۆیە عێراقییەکان ئەو ناوەیان هەڵبژاردووە، تاوەکو بیکەنە پاڵنەرێک بۆ هەڵبژاردەکەیان، بۆ ئەوەی بگەنە مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بکرێت.

لە زنجیرەکەدا، هەر کەسێک چووبایە گەراجەکە، بە سەلامەتی لێی دەرنەدەچوو، بەڵام سەرباری نەرێنی بابەتەکە، عێراقییەکان هاوکێشەکەیان گۆڕیوە و کردوویانەتە خاڵی سەرەکی گەشبینی، بەوەی هەر هەڵبژاردەیەک لە یاریگاکەی بەسڕە یاری بکات، بە سەلامەتی لێی دەرناچێت.

لەوەتەی کردنەوەی یاریگای ‘جزع ئەلنەخلە’ لە بەسڕە، هەڵبژاردەی عێراق هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی عێراق.

هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکاندایە، لە ئێستاوە ململانێی هاندەرانی عێراق لەگەڵ هاندەرانی هەڵبژاردەکانی کوێت و ئوردن دەستیپێکردووە.

وەڵامی هاندەرانی ئوردن و کوێت چییە؟

هاندەرانی هەڵبژاردەی کوێت وەک وەڵامێک بۆ هاندەرانی عێراق، هاشتاگێکیان بە ناوی ‘گەڕاج سوێڵح’ لە یاریگای جابر ئەحمەد سوباح دروست دەکەن و دەیکەنە ترێندی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای وڵاتەکەیان.

لەلایەکی دیکەوە، هاندەرانی ئوردن لە سۆشیاڵ میدیا هاشتاگی ‘گەڕاچ تەعەمووری’یان بەکارهێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی هەڵبژاردەکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی عێراق، چونکە لە جامی ئاسیای رابردوو، ناکۆکی زۆر لە نێوان هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردەکە دروستبوو و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

کیشوەری ئاسیا هەشت کورسی راستەوخۆی بۆ مۆندیالی 2026 هەیە، هەروەها دەرفەتی کورسییەکی دیکەی هەیە، لەڕێگەی پاشکۆی یاریی نێودەوڵەتی.

هەڵبژاردەی عێراق کەی یارییەکان دەکات؟

بابەتی زیاتر

Back to top button