یۆرۆی 2024

یۆرۆی 2024؛ ئەگەرەکانی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 لە کۆمەڵەی سێیەم و چوارەم

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو چارەنووسی بەشێکی دیکە لە هەڵبژاردەکانی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024 یەکلا دەبێتەوە، کە تاوەکو ئێستا هەشت هەڵبژاردە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە. هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بریتین لە فڕەنسا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، سویسرا و پۆرتوگاڵ.

ئەگەرەکانی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 لە کۆمەڵەی سێیەم

ئینگلتەرا بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە و دانیمارک و سلۆڤێنیا خاوەنی دوو خاڵن و سڕبیاش لە کۆتایی ریزبەندیی کۆمەڵەکە خاوەنی خاڵێکە.

ئینگلتەرا سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، بەلایەنی کەم وەکو باشترین سێیەم سەردەکەوێت، دانیمارک بە گوێرەی پۆڵینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا پلەی دووەمی گرتووە، بە بردنەوەی لە سڕبیا دەگاتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام ئەگەر لەو یارییە دۆڕا و سلۆڤێنیاش بەرامبەر ئینگلتەرا نەدۆڕێت، ئەوا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکات.

سلۆڤێنیا ئەگەر بەرامبەر ئینگلتەرا نەدۆڕێت، بەلایەنی کەم وەکو باشترین سێیەم دەگاتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام ئەگەر سلۆڤێنیا و دانیمارک هەردووکیان دۆڕان، ئەوا هەردووکیان پلەی سێیەم و چوارەمی کۆمەڵەکە بەدەست دەهێنن، سلۆڤێنیا ناگاتە قۆناخی داهاتوو ئەگەر لە یارییەکەی بەرامبەر ئینگلتەرا بە جیاوازی 4 گۆڵ بدۆڕێت.

ئەگەر سڕبیا و سلۆڤێنیا لە یارییەکانی ئەمشەویان ببەنەوە ئەوا سلۆڤێنیا بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە سەردکەوێت و سڕبیاش وەکو پلەی سێیەم سەردەکەوێت، سڕبیا ناگاتە قۆناخی داهاتوو ئەگەر لە یارییەکەی بەرامبەر دانیمارک نەباتەوە و سلۆڤێنیاش تووشکسی نەیەت.

ئەگەرەکانی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 لە کۆمەڵەی چوارەم

لە کۆمەڵەی چوارەم فڕەنسا و هۆڵەندا سەرکەوتنیان مسۆگەرکردووە، بەڵام پۆڵەندا لە گەیشتنی بە قۆناخی 16 بێ هیوا بووە و لەنێو حیساباتی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو چووەتە دەرەوە.

هۆڵەندا و فڕەنسا بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لوتکەی کۆمەڵەکەیان گرتووە و نەمساش خاوەنی سێ خاڵە و هیوای بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو ماوە.

فڕەنسا و هۆڵەندا بەلایەنی کەم هەر ئەنجامێک رووبدات وەکو باشترین سێیەم یەکێکیان دەگاتە قۆناخی داهاتوو، نەمساش وەکو باشترین سێیەم دەگاتە قۆناخی داهاتوو ئەگەر لە یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا تووشی شکست نەبێت بە جیاوازیی دوو گۆڵ.

ئەگەر نەمسا بە جیاوازیی سێ گۆڵ یان زیاتر بدۆڕێت، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی یارییەکەی سلۆڤێنیا و ئینگلتەرا بکات، بۆ ئەوەی یەکلابێتەوە کامیان بە باشترین سێیەم سەردەکەون.

بابەتی زیاتر

Back to top button