سەرۆکی یانەی هەولێر: یانەکەمان سێ ملیار و نیو دینار قەرزارە
دەڵێت: دەستەی کارگێڕی پێشوو لە ماوەی دوو ساڵ زیاتر لە 10 ملیار دیناریان وەرگرتووە
یاریگا –
سەرۆکی یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ‘ئێمە نەهاتووین تۆڵە لە کەس بکەینەوە و یانەکەمان سێ ملیار و نیو دینار قەرزارە’.
موئەیەد مەغدید، سەرۆکی یانەی هەولێر مانگێک دوای دەستبەکاربوونی دەستەی کاتی یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند :’ئێمە نەهاتووین تۆڵە لە کەس بکەینەوە، بەڵکو داواکراوین بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا ئەرکی بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر لە ئەستۆ بگرین، ئێمە سوپاسی هاوڕێیانی دەستەی کارگێڕی پێشووی خۆمان دەکەین و رێزمان بۆ ماندووبوونەکانیان هەیە، ئێمە رێگا نادەین دەستە و دەستەگەرایەتی لەناو یانەکەمان هەبێت’.
هەروەها سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی دۆخی ئێستای یانەکە گوتی :’کاتێک ئێمە رۆژی 15ـی مانگی رابردوو دەستبەکاربووین، یانەکەمان چوار ملیار دینار قەرزار بوو، ئێمە نزیکەی نیو ملیار دینار قەرزەکانمان داوەتەوە و ئێستا یانەکەمان سێ ملیار و نیو قەرزارە’.
کاتێک دەستبەکاربووین یانەکەمان چوار ملیار دینار قەرزار بوو، ئێمە نزیکەی نیو ملیار دینار قەرزمان داوەتەوە و ئێستا یانەکەمان سێ ملیار و نیو دینار قەرزارە.
هەروەها سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی قەرزەکان گوتیشی :’ملیارێک و 445 دینار قەرزاری مووچە و شایستە داراییەکانی یاریزانەکان و کارمەندەکانی یانەکەمانین کە 905 ملیۆن دینار شایستە داراییەکانی گرێبەستەکانی یاریزانەکانە و پێویستە بە زووترین کات لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە بدرێت، ئەگینا تووشی کێشە دەبین’.
سەرۆکی یانەی هەولێر راشیگەیاند :’ملیارێک و 630 ملیۆن دیناریش لە دامودەزگا و خەڵکی وەرگیراوە، 455 ملیۆن دینار قەرزی خەرجییەکانی گواستنەوە و حەوانەوە و خواردنی یاریزانانمان لەسەرە، خۆشبەختانە ئێمە لەو ماوەیەی دەستبەکاربووین، چوار مووچەی تیپی خولی عێراقی و مووچەیەکی تیپی بالە و مووچەیەکی تیپی خولی کوردستان و تازەپێگەیشتووان و دوو مووچەی کارمەندانمان داوە’.
موئەیەد مەغدید لەبارەی دەستەی کارگێڕی پێشووی یانەکەش گوتی :’دەستەی کارگێڕی پێشووی ئێمە لەو ماوەیەی دەستبەکاربوون، زیاتر لە 10 ملیار دیناریان وەرگرتووە، بەڵام بەداخەوە یانەکەمان ئێستا چوار ملیار دینار قەرزارە، ئێمە پێویستمان بە ملیارێک دینار هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەین، دوای یارییەکەمان بەرامبەر دهۆک دەست بە پلان و ئامادەکارییەکانمان دەکەین بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، خۆشبەختانە ئێستا یانەکەمان لە مەترسی دابەزین دوورکەوتووەتەوە’.
دەستەی کارگێڕی پێشوو لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی کاریان کردووە، زیاتر لە 10 ملیار دیناریان وەرگرتووە، بەڵام بەداخەوە یانەکە چوار ملیار دینار قەرزارە.