ئاسیاسعوودیە

بێنزێما داوای دوورخستنەوەی گۆڵکارەکەی ئیتیحاد دەکات

Yariga App

یاریگا –

کەریم بێنزێما، هێرشبەری فەرەنسی یانەی ئیتیحادی سعوودی، داوای لە بەڕێوبەرانی یانەکەی کردووە عەبدولرەزاق حەمدەڵا لە یانەکە دوور بخەنەوە.

عەبدولڕەزاق حەمدەڵا، هێرشبەری ئیتیحاد کۆتا رۆژەکانی لەم تیپەدا بەسەر دەبات و هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە گواستنەوەی هاوینەدا یانەکە جێدەهێڵێت. سەرچاوە جۆراوجۆرەکان دووپاتی دەکەنەوە کە هۆکاری سەرەکی رۆیشتنی ئەو یاریزانە مەغریبییە خواستی کەریم بێنزێمای یاریزانی فەرەنسییە.

سەرەڕای درەوشاوەیی حەمدەڵا لە وەرزی رابردوو و تۆمارکردنی 30 گۆڵ لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، ئەم ئاستە نەیتوانی گەرەنتی مانەوەی بکات و رۆیشتنی هێرشبەرە مەغریبییەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە.

جگە لە خواستی بێنزێما، هۆکاری دیکەش هەن کە وایکردووە ئیتیحاد بڕیاری دەستبەرداربوونی حەمدەڵا بدات بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای تیپەکە. ستراتیجی سەرەکی ئیتیحاد بریتییە لە وەرگرتنی یاریزانی نوێ لە پۆستەکانی باڵی چەپ و راست و هێشتنەوەی تەنها یەک هێرشبەر ئەویش کەریم بێنزێمایە.

وەرزی رابردوو یانەی ئیتیحاد رووبەڕووی قەیرانی یاریزانان بووەوە لە پۆستی باڵدا، بەجۆرێک تاکە بژاردەی تیپەکە بریتی بوو لە فیلیپ جۆتا کە زۆربەی یارییەکان بەشداری نەکرد و ئەحمەد غامدی کە لە نیوەی دووەمی وەرزەوە پەیوەندی بە تیپەکەوە کرد.

ئەم تیپە ناچار بوو ئەو یاریزانانە بەکاربهێنێت کە توانای یاریکردنیان لە پێگەی باڵدا نەبووە، وەک رۆمارینیۆ و بێنزێما و حەمدەڵا و ئیگۆر کۆرۆنادۆ ئەمەش کەموکوڕی ئاشکرای لێکەوتەوە.

سەرەڕای بوونی هێرشبەرێکی وەک بێنزێما، حەمدەڵا رەتیدەکردەوە لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت و لە چەند راپۆرتێکدا وەرزی رابردوو باسی ئەم کێشەیەیان کردووە.

بۆیە هێشتنەوەی هێرشبەرە مەغریبییەکە قەیرانێکی روون دروست دەکات چونکە رەتیدەکاتەوە لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت و ئیتیحادیش رووبەڕووی هەمان کێشەی وەرزی رابردوو دەبێتەوە ئەگەر شانبەشانی بێنزێما یاری بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button