ئەو یاریزانە عێراقییەی ڤان پیرسی سەرسام کردووە دەچێتە خولی نایابی هۆڵەندا
دەبێتە سێیەم یاریزانی عێراقی وەرزی داهاتوو لە ئیریدێڤیزی یاریی بکات
یاریگا –
دانیلۆ سەعید کە ڤان پێرسی سەرسام کردووە، دەچێتە ریزەکانی یانەی هێرینڤینی هۆڵەندی و دەبێتە سێیەم یاریزانی عێراقی لە خولی نایابی هۆڵەندا یاریی بکات.
میدیاکانی هۆڵەندا ئاشکرایان کردووە، یانەی هیرینڤینی هۆڵەندی لەگەڵ یانەی ساندفیۆردی نەرویجی گەیشتووەتە رێککەوتن، دانیلۆ سەعید یاریزانی عێراقی یانەکە بەرامبەر 10 ملیۆن کرۆنی نەرویجی (نزیکەی ملیۆنێک یۆرۆ) دەچێتە ریزەکانی یانە هۆڵەندییەکە و لەم هەفتەیە گرێبەستەکە بەفەرمی رادەگەیەنرێت.
دانیلۆ سەعید (25 ساڵان) بۆ ماوەی چوار ساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هێرینڤین واژۆ دەکات، کە رۆبن ڤان پێرسی راهێنەری یانەکە زۆر پێداگیری لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە عێراقییە کردووە و داوای کردووە بەهەر شێوازێک بێت ئەو یاریزانەی بۆ بگوازنەوە، کە ڤان پێرسی مانگی رابردوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانە هۆڵەندییەکەی گرتە ئەستۆ.
چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە یانە هۆڵەندییەکە لەگەڵ دانیلۆ لەسەر بەندە کەسییەکانی بگاتە رێککەوتن و بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیەنرێت، دانیلۆ دەبێتە دووەم یاریزانی عێراقی وەرزی داهاتوو لە ژێر سەرپەرشتی ڤان پێرسی لە یانەکە یاریی بکات، کە حوسێن عەلی یاریزانێکی دیکەی عێراقییە لەو یانەیە یاریی دەکات.
جگە لە حوسێن عەلی، زیدان ئیقبالیش لە یانەی ئوترێختی هۆڵەندی یاریی دەکات و دانیلۆ سەعید دەبێتە سێیەم یاریزانی عێراقی وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی هۆڵەندا ناسراو بە ئێریدێڤیزی یاریی بکات.
دانیلۆ 24ـی فێبرایەری 1999 لە سوید لەدایکبووە و ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا و دوو یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین کردووە و لە بۆرسەی یاریزانان نرخەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار یۆرۆیە.