گرنگترینیۆرۆی 2024

پریڤیوی یاری؛ فەرەنسا – نەمسا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆ

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو نەمسا و فەرەنسا لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆمەڵەی چوارەم رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

پێویستە چی لەبارەی یارییەکە بزانیت؟

نەمسا چوارەم جارە (سێیەم جارە لەسەریەک) بەشداری لە یۆرۆ دەکات، بەڵام لە یەکەم یاریدا رووبەڕووی یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی ئەوروپا دەبێتەوە. فەرەنسا 11مین جارە بەشداری یۆرۆ دەکات و لە سێ پاڵەوانیەتی گەورەی جیهانی رابردوودا، دووجار گەیشتووەتە یاری کۆتایی و لە ساڵی 2018 نازناوی مۆندیالییان بەدەستهێنا. لە یۆرۆی 2016 یاری کۆتایی بە پۆرتوگال دۆڕا و لە مۆندیالی 2022ش بە ئەرجەنتین دۆڕا.

هەردوو هەڵبژاردەکە بە شایستەیی گەیشتوونەتە یۆرۆ، لە پاڵاوتنەکاندا نەمسا بە جیاوازی یەک خاڵ لە دوای بەلجیکا بوو، کەچی کەڵەشێرەکان بەدرێژایی پاڵاوتنەکان، تەنیا دوو خاڵییان لەدەستدا، سەرباری ئەمەش دەزانن کۆمەڵەی چوارەم قورسترینە، چونکە هەڵبژاردەکانی پۆڵەندا و هۆڵەنداشی تێدایە.

پڕۆفایڵی یاری

پڕۆفایڵی یارییەکە لە ئەپڵیکەیشنی یاریگا وەرگیراوە

پێکهاتەی پێشبینیکراو

نەمسا

 پێنتز

پۆش، دانسۆ، فۆبێر، موێنی

سیڤاڵد، گریلیسش، لایمەر، سابیتزە، باومگارتنەر

گریگۆریچ

فەرەنسا

ماینان

کۆندێ، سالیبا، ئوپامێکانۆ، هێرناندێز

گریزمان، کانتێ، رابیۆ

دێمبێڵێ، تورام، ئێمباپێ

راهێنەران چی دەڵێن؟

راڵف رانگنیک، راهێنەری نەمسا

بەرامبەر یەکێک لە گەورەترین، بەڵکو گەورەترین و بەربژێری سەرەکی بردنەوەی نازناوی یۆرۆ دەبینەوە. ئێمە بەرامبەر خاوەنی پلەی دووەمی مۆندیال دەبینەوە، فەرەنسا خاوەن باشترین پێکهاتە و باشترین هێرشبەرە. دەبێ لە باشترین ئاستی خۆماندا یاری بکەین، ئەم یارییە زۆر یەکلاییکەرەوەیە و دەبێ خۆمان بەهێز بکەین. کەش و هەوای نێو پێکهاتەکەمان زۆر باشە و هەمووان ئامادەن.

دیدیێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا

چاودێری چوار یاری رابردووی نەمسامان کرد. بە ڤیدیۆ تەواوی یارییەکانمان شیکردووەتەوە. بەڕاستی تیمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، یاریزانی بەهرەمەند و کوالێتی زۆر بەرزییان هەیە. خاڵی بەهێزی نەمسا توانای دروستکردنی فشار و چڕی نێو یاریگایە. ئەمە یەکەم یارییە و دەبێ زۆر هۆشیارانە مامەڵە بکەین.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button