هۆکاری هێشتنەوەی تێن هاگ لە راهێنەرایەتی یونایتد
یانەی مانچێستەر یونایتد بڕیاریدا ئێریک تێن هاگ لە یانەکە بهێڵێتەوە ئەمەش لە بارتەقای کۆبوونەوەیەکی بەرپرسە باڵاکانی یانەکە.
کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بڕیار بدەن کە ئایا راهێنەرە هۆڵەندییەکە دووربخرێتەوە یان چانسێکی دیکەی پێبدرێت پاش بردنەوەی ناسناوی جامی ئینگلتەرای مانگی رابردوو.
بەگوێرەی تەلەگراف لە کۆبوونەوەکەدا کە سێر جەیمس راتکلیف سەرکردایەتی دەکرد، ناوی چەند راهێنەرێکی دیکە هێنران وەک ماوریسیۆ پۆچەتینهۆ، تۆماس فرانک، کیران مەکینا، گاریس ساوزگەیت و رۆبێرتۆ دی زێربمی، بەڵام بەڕێوبەرانی یانەکە پێیان وانەبوو هیچ کامێک لەم راهێنەرە دەتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە ئەنجام بدەن و بەهۆی کەم متمانەیی بە بژاردەکان، بڕیاری هێشتنەوەی تێن هاگ یان دا.
لە کۆتایی مانگی حەوت دا، مانچێستەر یونایتد دەست بە ئامادەکارییەکانی دەکات بۆ وەرزی نوێ لە رێگەی کەمپێکی مەشق لە ئەمریکا بەڵام لەڕووی بازاڕی گواستنەوەوە تا ئێستا ئەو یانەیە بێدەنگی هەڵبژاردووە.