گرنگترینیۆرۆی 2024

کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەپڵی جەنگ لێدەدات

لەکۆتا جەنگ رکابەرەکانی دەتۆقێنێت

Yariga App

یاریگا –

تەنیا بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەشداریکردنی کرستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاری نێوان پۆرتوگال و ئیرلەندا بەشێوەی سەرەکی دڵی هاندەرانی ئەفسانە پۆرتوگالییەکەی پڕ لە خۆشی و شادی کرد. کە بەڕازیلی ئەوروپا 3-0 یارییەکەی بردەوە و دۆن دوو گۆڵی کرد.

سەرکەوتنەکە لەڕووی مەعنەوەییەوە بۆ پۆرتوگالییەکان گرنگ بوو، چوونکە لە یاری پێشووتر بە هەڵبژاردەی کڕواتیا دۆڕابوون، نەدەکرا بە شکستەوە بەرەو ئەڵمانیا گەشت بکەن.

ئامادەبوونی کاپتنەکە

بێگومان کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆڵی سەرەکی لە بەرزکردنەوەی ورەی هەڵبژاردەکە گێڕا، بە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و سەرسوڕهێنەر بۆ هەمووانی سەلماند، کە بۆ دوایین سەمای یۆرۆ ئامادەیە.

یارییەکەی ئیرلەندا کۆتا یاری ئامادەکاریی پۆرتوگال بوو، بۆیە پێویستبوو تیپەکە بەرامبەر هەڵبژاردەکەی وا رێکخراو، ئاستبەرز و یەکلاکەروە دەربکەوێت، وە پەنجە بخاتە سەر خاڵە لاوازەکانی خۆشی.

لەوەش گرنگتر هاندەرانی پۆرتوگال پێویستیان بە بینینی کاپتنەکەیان بوو لە یاریگادا، چوونکە هەر ئامادەبوونی کریستیانۆ ترسێکی زۆر دەخاتە دڵی رکابەرەکان و چانسی بردنەوەش زیاتر دەکات.

کۆتا جەنگ

رەنگە یۆرۆی 2024 کۆتا جەنگی کریستیانۆ بێت، یاخود درووستتر بڵێین، رەنگە کۆتا سەمای کریستیانۆ رۆناڵدۆ و بەشێکی دیکە لە ئەستێرەکان بێت.

رەنگە ئەفسانە پۆرتوگالییەکە بیەوێت بە هەنگاوێکی تایبەت کۆتایی بە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بهێنێت، بەدەستهێنانی یۆرۆش تایبەتترین هەنگاو دەبێت.

تا کاتی بەڕێوەچوونی یۆرۆی داهاتوو تەمەنی رۆناڵدۆ دەنێت بە 43 ساڵ، بەمەش بەشداریکردنی ئەستەم دەبێت، خۆ ئەگەر بێتو بەشداری بکات، ئەوا ریکۆردی پێپێی هاوڕێی دەشکێنێت، کە بە بەشداریکردن لەم یۆرۆریە لە تەمەنی 41 ساڵی دەبێت بە بەتەمەنترین یاریزانی مێژووی پاڵەوانێتییەکە.

بەهەموو لێکدانەوەکان دەتوانین بڵێین یۆرۆی ئەڵمانیا کۆتا وەشانی یۆرۆیە کە کریستیانۆ بەشداریی دەکات و کۆتایی جەنگە لەمێژینەکەی لە خاکی ئەڵمانییەکاندا دەبێت، کە ئەو وڵاتە لە مۆندیال و یۆرۆش هەمیشە چەرمەسەری بووە بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە و چەند جارێک خەونەکانی دۆنیان لەگۆڕ ناوە.

ئاماژەی دۆن

دوای یارییەکەی ئیرلەندا، کریستیانۆ لە زاری خۆیەوە بەشێوەیەکی نیمچە فەرمی رایگەیاند کە یۆرۆی 2024 کۆتا یۆرۆ دەبێت بەشداری دەکات.

“زۆرم نەماوە لە یاریی تۆپی پێدا بۆیە دەمەوێت چێژ ببینم، وەك هەموو جارێك بۆ یۆرۆ ئامادەم و خەون بە بردنەوەی نازناوەکە دەبینم، پێویستە خەونمان هەبێت هەنگاو بە هەنگاو برۆینە پێشەوە، رەنگە بەدەستهێنانی یۆرۆی 2024 دیارییەک بێت بۆ کۆتایی کاروانی وەرزشیم.

ژمارە گرنگەکان

رۆناڵدۆ بەرامبەر ئیرلەندا هێزێکی گەورەی نیشاندا، دوو گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی کرد، کە گۆڵێکیان لە دەرەوەی ناوچەی سزا و بە لێدانێکی سەرسوڕهێنەر بوو، ئەمە جیا لەوەی بەدرێژایی یاریکردنی ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد.

رۆناڵدۆ سێ شوتی بۆ گۆڵ کرد، بڕینێکی سەرکەوتووی هەبوو، دوو دەرفەتی گۆڵکردنیشی رەخساند، بەڵام سودیان لێ وەرنەگیرا.

پۆرتوگالییەکە لە بەرگریکردنیش رۆڵی هەبوو، تۆپێکی هێرشبەرانی ئیرلەندانی پچڕاند و بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو مەرکەزەکانی یاریگا ئاستی بەرز بوو.

ئەنجام

رۆناڵدۆ بەرامبەر ئیرلەندا سەرکەوتووبوو، دەیەوێت لە یۆرۆی 2024 هەمان سەرکەوتن دووبارە بکاتەوە و بدرەوشێتەوە.

ئامانجی ئەفسانە پۆرتوگالییەکە بەدەستهێنانی جامەکەیە، کە دەبێتە بەنرخترین دیاری وازهێنانی بۆ گەلی پۆرتوگال و ملیۆنان هاندەریی لە سەرانسەری جیهاندا.

بۆیە یارییەکەی شەوی رابردوو تەنیا یارییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بە ئاستە بەرزەکەی و لێدوانەکانیشی، لێدانی زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ رکابەرەکانی.

کریستیانۆ لە 2016 بۆ یەکەمجار نازناوی جامی یۆرۆی بۆ پۆرتوگال بەدەستهێنا، ئەفسانە پۆرتوگالییەکە 207 یاری بۆ هەڵبژاردەکەی کردووە و 130 گۆڵیشی کردووە و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکانە.

بابەتی زیاتر

Back to top button