ئاسیاگرنگترین

لە ئێستاوە هەڵبژاردەکانی ئاسیا تایان گرتووە؛ کۆریای باکوور دەگاتە مۆندیال؟

Yariga App

یاریگا –

کۆریای باکوور لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 هەمووان شۆک کرد کاتێک توانی لەسەر ئەستۆی سووریا بگاتە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکان، کۆرییەکان لە کۆمەڵەی دووەم هاوشانی ژاپۆن گەیشتوونەتە قۆناخی دووەمی پاڵاوتنەکان.

کۆریای باکوور دوای ئەوەی 4-1 لە میانماری بردەوە بە پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال و یەکێکە لەو 18 هەڵبژاردەیەی گەیشتوونەتە ئەو قۆناخە، لە ئێستاوە هەڵبژاردەکانی دیکە هەست بە دوودڵی دەکەن ئەگەر لە تیروپشک رووبەڕووی کۆریای باکوور ببنەوە.

کۆریای باکوور بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی چوار ساڵ خۆی کەرەنتین کردبوو، دوو مانگ لەمەوبەریش رەتیکردەوە لەسەر خاکی خۆی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال میوانداریی ژاپۆن بکات، لەکاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و جیهان پێشوازییان لە بەڕێوەچوونی یارییەکان لەسەر خاکی کۆریای باکوور کرد.

ئاستەکانی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ تیروپشکی قۆناخی کۆتایی گەیشتن بە مۆندیالی 2026
ئاستەکانی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ تیروپشکی قۆناخی کۆتایی گەیشتن بە مۆندیالی 2026

کۆریای باکوور لە قۆناخی سێیەم لە ئاستی شەشەمدا دەبێت، واتە لەو سێ کۆمەڵەیەی تیروپشکیان بۆ دەکرێت، یەکێکیان کۆریای باکووری تیادا دەبێت، کە لە قۆناخی رابردووی پاڵاوتنەکان کۆریای باکوور لە لاوس میوانداریی یارییەکانی دەکرد و تا ئێستا دیار نییە کۆریای باکوور لە قۆناخی داهاتوو یارییەکانی لە یاریگای خۆی دەکات یان نا.

چۆن شاندی هەڵبژاردەکان بچنە کۆریای باکوور؟

ساڵانە تەنیا چوار بۆ شەش هەزار کەسی بیانی سەردانی کۆریای باکوور دەکەن کە زۆربەیان لە چین و رووسیان، زۆربەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی کۆریا بکەن رووبەڕووی کێشەی وەرگرتنی ڤیزا دەبنەوە، چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە ڤیزا بە زۆربەی وڵاتانی جیهان نادەن.

ساڵی 2003 لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای 2004 کاتێک ئوردن میوانی کۆریای باکوور بوو، حکومەتی ئەو وڵاتە رەتیکردەوە رێگا بە هەڵبژاردەی ئوردن بدات گەشتی وڵاتەکەیان بکات، هەربۆیە ئوردن لەو یارییە بە براوە بە ئەنجامی 3-0 هەژمارکرا و بۆ ماوەی ساڵێک کۆریای باکوور لە بەشداریکردن لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان سڕکرا.

جگە لەوەی هەڵبژاردەکان لە گەشتکردنیان بۆ کۆریای باکوور کێشەیان بۆ دروست دەبێت، سەرجەم ئەو یارییانەی لەو وڵاتە دەکرێن ئەستەمە راستەوخۆ بگوازرێنەوە، چونکە ئەستەمە حکومەتی کۆریای باکوور رێگا بدات یارییەکانی سەر خاکی وڵاتەکەیان راستەوخۆ پەخش بکرێن.

کۆریای باکوور دەگاتە مۆندیالەکەی ئەمریکا؟

کۆریای باکوور کە لە مێژوودا دوو جار گەیشتووەتە مۆندیال و بەشداریی مۆندیالەکانی 1966 و 2010ـی کردووە، ئەگەر بتوانێت لە پاڵاوتنەکان سەربکەوێت بلیتێکی مۆندیالی 2026 دەستبخات، ئەوا کۆریای باکوور دەبێت گەشتی ئەمریکا بکات و لەوێ یاریی بکات، کە ئەمریکا و کۆریای باکوور لە رووی سیاسییەوە ناکۆکن و حکومەتی هەردوولا دژایەتی یەکتری دەکەن.

کۆریای باکوور لە مۆندیالی 1966 لە ئینگلتەرا بەشداریی کرد و مۆندیالی 2010 لە باشووری ئەفریقا یاریی کرد، بەڵام پێشتر ژمارەی کورسییەکانی ئاسیا چوار کورسی و نیو بوون و بۆ مۆندیالی داهاتوو ژمارەی کورسییەکانی کیشوەری ئاسیا کراونەتە هەشت کورسی و نیو.

بابەتی زیاتر

Back to top button