عێراقگرنگترینمۆندیالی 2026

شەڕ لەسەر هەشت بلیت و نیو دەکات؛ چۆن عێراق دەگاتە مۆندیالی 2026؟

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی عێراق هەر شەش یارییەکەی لە قۆناخی یەکەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بردەوە و بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی داهاتوو، ئێستا هەمووان دەپرسن چۆن شێرەکانی رافیدەین دەتوانن بۆ جاری دووەم لە مێژوویاندا بگەنە مۆندیال؟

عێراق لەگەڵ خیسوس کاساس 6\6ـی بەدەستهێنا

هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی یەکەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 هەر شەش یارییەکەی بەرامبەر ڤیێتنام و ئیندۆنیزیا و فیلیپین بردەوە و بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ گەیشتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکان، کە جگە لە عێراق تەنیا هەڵبژاردەکانی ئوستڕالیا و ژاپۆن سەرجەم یارییەکانیان لەم قۆناخە بردەوە.

شێرەکانی رافیدەین لە قۆناخی کۆمەڵەکان 17 گۆڵیان کرد و تەنیا 2 گۆڵیان لێکرا، لە قۆناخی داهاتوو لە ئاستی دووەمی هەڵبژاردەکان دەبن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026.

ئاستەکانی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ تیروپشکی قۆناخی کۆتایی گەیشتن بە مۆندیالی 2026
ئاستەکانی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ تیروپشکی قۆناخی کۆتایی گەیشتن بە مۆندیالی 2026

رێگای عێراق بۆ گەیشتن بە ئەمریکا چۆنە؟

مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.

عێراق یەکێکە لەو 18 هەڵبژاردەیەی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردووە، کە ئەو 18 هەڵبژاردەیە بەگوێرەی ئاستەکانیان دابەشی سەر سێ کۆمەڵە دەکرێن و رۆژی 27ـی ئەم مانگە تیروپشک بۆ سێ کۆمەڵەکە دەکرێت و هەر کۆمەڵەیەک لە شەش هەڵبژاردە پێکدێت.

شەش هەڵبژاردەکەی هەر کۆمەڵەیەک یاریی لەگەڵ یەکتری دەکەن، یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال و شەش بلیتی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە، عێراق دەتوانێت یەکێک لەو شەش بلیتە دەستبخات و بگاتە مۆندیالی داهاتوو.

ئەگەر عێراق نەیتوانی لەو شەش بلیتە هیچیان بەدەست بهێنێت،ئەگەر سێیوم یان چوارەمی کۆمەڵەکە بێت  هێشتا چانسی دەمێنێت، خاوەنی پلەکانی سێیەم و چوارەمی ئەو سێ کۆمەڵەیە لە قۆناخی دواتر دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن و هەر کۆمەڵەیەک لە سێ هەڵبژاردە پێکدێت و خاوەنی پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە بلیتی مۆندیال بەدەست دەهێنن، پلەی دووەمی هەردوو کۆمەڵەکەش رووبەڕوو دەبنەوە و براوەیان لە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال یاریی دەکات بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر نیو بلیتەکەی کیشوەری ئاسیا بکات.

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.

عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button