کوردستان

سەرۆکی یانەی پیشەسازی باس لە پلان و ئامانجی تیپەکە دەکات بۆ وەرزی داهاتوو

Yariga App

یاریگا-

دوای پاڵەوان بوونیان لە خولی پلە یەکی کوردستان و سەرکەوتنیان بۆ ریزی نایاب، سەرۆکی یانەی پیشەسازی لە رێگای تۆڕی وەرزشی یاریگاوە ئامانج و پلانی وەرزی داهاتوویان ئاشکرا دەکات.

نیهاد لەتیف قۆجە سەرۆکی یانەکە باس لە قەیرانی دارایی تیپەکەی دەکات و دەشڵێت وەکو وەرزی رابردوو دەمانەوێ تیپێکی نمونەیی بین و لە هەوڵداین قەیرانی دارایی تێپەڕێنین، نیهاد  تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا زیاتر گوتی:

پلانمان بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی کوردستان داناوە و دەمانەوێ تیپێکی نمونەیی بین وەکو وەرزی رابردوو، سوپاس برایان لە دەستەی کارگێڕی و دەستەی راهێنەران و سەرجەم یاریزانان دەکەم کە پارساڵ بە تەواوی ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد، ئەمەش بەرهەمی پاڵەوان بوونی لێکەوتەوە.

سەرۆکی یانەی پیشەسازی دەربارەی مانەوەی دەستەی راهێنەرانی وەرزی رابردوو و پاداشتی پاڵەوان بوونی یاریزانەکانیشی زیاتر گوتی:

لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی وەرزی رابردوو کۆدەبینەوە و داوای بەردەوام بوونیان لێدەکەین لەگەڵ یانەکە، چونکە راهێنەر و سەرپەرشتیاری تیپەکەش لای ئێمە خاوەنی یانەکەن، ئێمە وەکو دەستەی کارگێڕی زۆر لەوان رازی بووین هیوادارین بەیەکەوە بەردەوام بین، هەوڵدەدەین لەم نزیکانە پاداشتی یاریزانەکانمان بکەین لە پای پاڵەوان بوونیان و شایستەی هەموو شتێکی باشن بۆیان بکرێت، بەڵام ئێمەش بەدەرنین وەک یانەکانی تری کوردستان لە قەیرانی دارایی و بەردەوام لە هەوڵداین چارەسەری بکەین.

دیار محەمەد ئەمین سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی پیشەسازی تایبەت بە ئامادەکاری تیپەکەیان بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:

پارساڵ هەموومان بەیەکەوە کارێکی گرینگ و گەورەمان کرد بۆ پیشەسازی کە ئەمەش بە هاوکاری و پاڵپشتی سەرۆکی یانە و تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و دەستەی راهێنەران و یاریزانە دڵسۆزەکانمان بوو، بۆ وەرزی نوێ چاوەڕوانی دەستەی کارگێڕی دەکەین و لە سەر بەرنامەی ئەوان تیپەکە دروست دەکەینەوە، دڵنیاشم بە ڕێژەیەکی زۆر پاڵپشتیمان دەکەنەوە و بەردەوام دەبین لە سەر ئەو ئاستە بەرز و نمونەیی یەی وەرزی رابردوو پێشکەشمان کرد.

پیشەسازی بە سەرپەرشتی راهێنەری لاو مەولود رەمەزان و کۆمەڵێک یاریزانی لاوی تر وەرزی رابردوو بەبێ شکست و بە پلەی یەکەم توانیان تیپەکە بۆ ریزی نایابی کوردستان سەربخەن.

Back to top button