یاریگا-
لێژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە هۆی گرژی و ئاڵۆزی یاری نێوان نەجەف و زاخۆ سزای قورسی یانەی زاخۆی دا.
بە پشت بەستن بە نوسراوی سەرپەرشتیاری یاری و دەستەی ناوبژیوانانی یاریەکە لێژنەی رێککاری و سزادان بڕیاریدا بە هۆی هێرش کردنە سەر ناوبژیوانی یاری و بەکارهێنانی وتەی نەشیاو، تەڵاڵ بەلوشی راهێنەری یانەی زاخۆی بۆ دوو یاری سزادا و ناتوانێ لە نێو یاریگا ئامادەبێت و بە پێبژاردنی 5 ملیۆن دیناریش سزای دارایی درا، لێژنەکە سزای عودەی عومرانی یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەجەفیشی داو بەبڕی 5 ملیۆن دیناریش سزادرا.
ئەحمەد ئیبراهیم یاریزانی دڵی بەرگری یانەی زاخۆ بۆ دوو یاری سزادرا و بەبڕی 5 ملیۆن دیناریش پێبژاردنی بۆ کرا دوای ئەوەی یاریزانەکە هێرشی کردۆتە سەر ناوبژیوان و وتەی نەشیاوی بەکارهێناوە، بە هەمان هۆکار محەمەد نومی یاریزانی زاخۆ بۆ دوو یاری ڕاگیرا و بەبڕی 5 ملیۆن دیناریش سزادرا، دوو یاری داهاتووی یانەی زاخۆش بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی قوەی جەوی خاوەن پلەی دووەم و شوڕتەی خاوەن پلەی یەکەمی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.