ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید بەیاننامەیەکی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان بڵاوکردەوە

قسەکانی ئانچێلۆتی رەتدەکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید بەیاننامەیەکی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان بڵاوکردەوە و رەتیدەکاتەوە نیازی هەبێت بایکۆتی پاڵەوانێتییەکە بکات کە هاوینی داهاتوو وابڕیارە لە ئەمریکا بەڕێوە بچێت.

یانەی ریال مەدرید لەبارەی دەنگۆی بایکۆتکردنی مۆندیالی یانەکان بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە :’یانەکەمان رایدەگەیەنێت بەهیچ شێوەیەک نیازی بایکۆتکردنی شێوازی نوێی مۆندیالی یانەکانمان نییە کە وابڕیارە وەرزی 2024/2025 بەڕێوە بچێت، وەکو ئەوەی پێشتر پلانمان بۆ داناوە، یانەکەمان بەشداریی مۆندیالی یانەکان دەکات بۆ ئەوەی بە شانازییەوە خەونی هاندەرانمان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکە بهێنینە دی’.

ئەمڕۆ کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی ئێل جۆرناڵێی ئیتاڵی ئاشکری کردووە، کە نیازیان نییە بەشداری جامی جیهانی یانەکان بکەن و هاوشێوەی یانەکانی دیکە رەتی دەکەنەوە.

ئانچێلۆتی گوتبووی :’داهاتی یەک یاریی ریال مەدرید 20 ملیۆن یۆرۆیە، کەچی فیفا دەیەوێت لە تەواوی پاڵەوانێتییەکە ئەو بڕە پارەیە بە یانەکەمان بدات، هاوشێوەی یانەکانی دیکە رەتی دەکەینەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکەین، با فیفا ئەم بابەتە لەبیر بکات، یاریزان و یانەکان بەمشێوەیە بەشداریی مۆندیالی یانەکان ناکەن’.

کەمتر لە ساڵێک بۆ شێوازی نوێی مۆندیالی یانەکان ماوە، کەچی تا ئێستا یاریگاکان و خەڵاتە داراییەکانی پاڵەوانێتییەکە رانەگەیاندراوە و ریال مەدریدیش کە زۆرترین  نازناوی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە هەیە، بڕیاریداوە بایکۆتی پاڵەوانێتییەکە بکات.

مۆندیالی یانەکان کە لەوەتەی ساڵی 2000 بەفەرمی لەژێر سەرپەرشتی فیفا بەڕێوە دەچێت، تاوەکو ساڵی 2023 ساڵانە بە بەشداریی پاڵەوانی کیشوەرەکان بەڕێوە دەچوو، بەڵام فیفا بڕیاریداوە سیستەمی پاڵەوانێتییەکە بگۆڕێت و ساڵی داهاتوو بە بەشداریی 32 یانە لە ماوەی 15ـی یۆنیۆ/حوزەیران تاوەکو 13ـی یۆلیۆ/تەممووز لە ئەمریکا بەڕێوە بچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button