گرنگترینیۆرۆی 2024

رۆناڵدۆ ریكۆرده‌كانی یۆرۆی قۆرخكردووه‌، خاوه‌ن زۆرترین ریكۆرده‌

Yariga App

یاریگا –

له‌ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا هەمیشە شایه‌تی درەوشاوەیی زۆرێک لە ئەستێرەکانی تۆپی پێی كیشوه‌ری پیر ده‌بین، کە ناوەکانیان بە پیتی زێڕین لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا ده‌نووسرێته‌وه‌، كریستانۆ رۆناڵدۆش یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی به‌هۆی زۆری ژماره‌ی ریكۆرده‌كانی ناوی له‌ مێژووی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ نووسراوه‌.

رۆناڵدۆ خاوەنی پشکی شێری ریکۆردی ئەو ئەستێرانەیە کە لە وه‌شانه‌كانی پێشووی پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارییان کردووە، دۆن گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ، دوو گۆڵی لە یۆرۆی 2004 كردووه‌، لە 2008یش گۆڵێک و لە هەریەک لە یۆرۆی 2012 و 2016 یاریزانه‌ پورتوگالیه‌كه‌ سێ گۆڵی كردووه‌، لە یۆرۆی 2020 یش خاوه‌نی تاكه‌ گۆلێك بووه‌، هەروەها بە تۆمارکردنی 41 گۆڵ خاوه‌ن زۆرترین گۆڵی مێژووی پاڵاوتنی یۆرۆیه‌.

رۆناڵدۆ لە سەرووی لیستی ئەو یاریزانانەیە کە زۆرترین به‌شداریی  لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا كردووه‌، بەو پێیەی لە پێنج وه‌شانی پێشوودا بەشدار بووه‌، لە یۆرۆی 2004 لە پورتوگال یه‌كه‌م به‌شداریكردنی بوو،  تا یۆرۆی 2020یش له‌ سه‌رجه‌م وه‌شانه‌كان به‌شداری كردووه‌، لەو ماوەیەدا 25 یاری له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌كانی یۆرۆ ئەنجامداوە.

دۆن زۆرترین خولەک لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا یاریكردووه‌، كه ‌2153 خولەک بووه‌، هه‌روه‌ها ئەو یاریزانە زۆرترین سەرکەوتنی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستهێناوە، كه‌ 12 بردنەوەیه‌، لە 16 یاریشدا کاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال بووه‌.

لەو پێنج چاپەدا موشه‌كه‌كه‌ی مادێرا به‌لانیکەم گۆڵێکی كردووه‌ واته‌ له‌ سه‌رجه‌م وه‌شانه‌كان خاوه‌ن گۆڵه‌، هه‌روه‌ها تاکە یاریزانه‌ کە لە 10 یاری پاڵەوانێتیه‌كه‌ لانیکەم گۆڵێکی كردووه‌، هەروەها تاکە یاریزان بووه‌ کە لە 4 یاری گۆڵی دووەمی كردووه‌.

رۆناڵدۆ لە پێشەنگی لیستی ئەو یاریزانانەدایە کە زۆرترین گۆڵیان بە لێدانی سزا تۆمارکردووە، دوای ئەوەی 3 لێدانی سزای سەرکەوتووی جێبەجێکردووە.

كریستانۆ رۆناڵدۆ له‌ یۆرۆی 2016 بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوویدا توانی نازناوی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا بۆ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال به‌ده‌ست بهێنێت و له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دوایین به‌شداریكردنی بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button