ئیسپانیایۆرۆی 2024

جواو فێلیکس چەند نهێنییەک لەبارەی خۆی و کریستیانۆ رۆنالدۆ ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

جواو فێلیکس، هێرشبەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال و بارسێلۆنا، سەبارەت بە یەکەم دیداری لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پەیوەندی نێوانیان چەند نهێنیەکی ئاشکرا کرد و بە متمانەیەکی زۆرەوە باسی لە ئامانجەکانی هەڵبژاردەکەی لە یۆرۆی 2024دا کرد.

هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵانەکە کە دووبارە بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ پاڵەوانیەتی یۆرۆ کراوەتەوە، لە دوایین بەشداری کردنی لە پۆدکاستێکدا گوتی ئامانجمان بەدەستهێنانی نازناوەکەیە.

هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا سەبارەت بە هەستی دووبارە ئامادە بوونی لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال روونی کردەوە و گوتی:

یاریکردن بۆ پورتوگال جیاوازترە لە یاریکردن بۆ یانە. سروودی نیشتیمانی لێدەدرێت تۆ بۆ نیشتمانەکەت، بۆ هاوڕێکانی قوتابخانەت، بۆ خێزانەکەت، بۆ هەمووان دەجەنگیت. ئەگەر سەربکەویت کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت، ئەگەریش بدۆڕێی ئەوا دیسانەوە کاریگەری لەسەریان دەبێت. نوێنەرایەتیکردنی وڵات شتێکی ناوازەیە. “کاتێک سروودی نیشتمانی لێدەدرێت، هەموومان هەست بە ئارامی دەکەین”.

دواتر سەبارەت بە رۆڵی رۆناڵدۆ لە تیپەکەدا پرسیار لە فێلیکس کرا و ئەویش لە وەڵامدا گوتی:

“ئەو رەمزی تۆپی پێی پۆرتوگالە و چ لە یاریگا و چ لە دەرەوەی یاریگا نمونەیەکە بۆ ژیان”. لە پۆرتوگال تۆ رەنگە سەرۆک کۆمار نەناسیت، بەڵام ئەوا بێگومان هەمووان رۆناڵدۆ دەناسن. یەکەم جار کە لە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردە بووم، لە کارەکتەری یارییەکی ڤیدیۆیی دەچوو. وا دیار بوو بەرزی سێ مەتر و پانی دوو مەتر بوو. “هەرگیز لە نزیکەوە نەمبینیبوو، زۆر سەیر بوو بەلامەوە”.

پاشان باسی لە شێوازی تێڕوانینی زۆرێک لە هاندەرانی رۆناڵدۆ کرد و گوتی:

هەندێک جار خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە رۆناڵدۆ هەناسەدانی جیاوازە بەڵام ئەو کەسێکی ئاساییە. هاوڕێیەکی گەورەی تیپەکەیە، بەتایبەتی لەگەڵ گەنجەکاندا، زۆر هاوکارییان دەکات.

هەروەها هێرشبەرەکە لە دریژەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد و گوتی:

جارێک کە لە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی بووم، کێشەملەگەڵ دەزگیرانەکەی پێشووم هەبوو. پرسیارم لە رۆناڵدۆ کرد لەو دۆخەدا چی دەکات، چونکە پێشتر ئەزموونێکی هاوشێوەی هەبووە. ئامۆژگاری کردم و هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەچوو، ئەو نەک تەنها لە تۆپی پێدا گەورەیە، بەڵکو لە بابەتە مرۆییەکانیشدا ناوازەیە.

پاڵەوانیەتی یۆرۆ 2024 بڕیارە 4 رۆژیتر بە میوانداری ئەڵمانیا دەست پێبکات و هەڵبژاردەی پورتوگال لە کۆمەڵەکەیدا رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی چیک، تورکیا و جۆرجیا دەبێتەوە و بۆ بەدەستهێنانی دووەم جامی یۆرۆ دەجەنگن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button