بۆ کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی عێراق و ڤێتنام یاریزانە لاوەکەی دەربەندیخان هاوشانی کاساس ئامادە دەبێت
یاریگا-
ڕۆژی سێ شەممە ( 11ـی حوزەیران/ یۆنیۆی 2024) لە بەسڕە هەڵبژاردەی عێراق میوانداری هەڵبژاردەی ڤێتنام دەکات.
لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگای جزع نەخلە لە بەسڕە بە ناوبژیوانیەتی عومەر محەمەدی ئیماڕاتی رووبەرووی هەڵبژاردەی ڤێتنام دەبێتەوە، سبەی دووشەممە کاتژمێر 1:30ـی دوای نیوەڕۆ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ راهێنەری هەر دوو هەڵبژاردە و بە ئامادەبوونی یاریزانێکیان ساز دەکرێت، یوسف ئەمین یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق کە خەڵکی دەربەندیخانە هاوشانی ڤیکتۆر کاساس لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبێت و دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق دەدوێت.
پێش دەسپێکی یاری نێوان هەڵبژاردەی عێراق و ڤێتنام ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێکی گەورە لە یاریگا دەکرێت، ئەم ئاهەنگە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق و راهێنەر و یاریزانانی هەڵبژاردەکە بەبۆنەی گەیشتنیان بە ئۆڵۆمپیادی پاریس پێشوازیان لێدەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت هاندەرێکی زۆر لە یاریگا ئامادەبێت و ئاهەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراقیش بۆ قۆناخی دووەم و کۆتایی پاڵاوتنی مۆندیال بگێڕن، ئاهەنگەکەش بە ئامادەبوونی هونەرمەندی بە نێوبانگ حاتەم عێراقی دەبێت.