ئیتاڵیا

ساری بە ڕێژەی %99 یاری نەکردنی ڕۆناڵدۆی بەرامبەر ئەتاڵەنتا ڕاگەیاند

یاریگا- ماوریزیۆ ساری ڕاهێنەری یوڤێنتوس ئامادە نەبوونی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی بۆ یاری داهاتوویان بەرامبەر ئەتاڵەنتا ڕاگەیاند.

کۆتا یاری یوڤی، پێش دەستپێکردنی هەفتەی فیفا، ڕۆناڵدۆ هەستی بە ئازار کردبوو لە ئەژنۆیدا و لەلایەن ڕاهێنەرەوە دانیشێنرا، کە دواتر ئەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بەڵام ئەستێرە پورتوگالیەکە لە هەردوو یاری هەڵبژاردەکەیدا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ بەشداری کرد. ئەمڕۆ ساری لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی پێش یاریەکەی ئەتاڵەنتا گوتی: “من لەوەتەی ساڵی 1990 ڕاهێنەرم. ژیانم بە ڕاشکاویی بردۆتە سەر. سێشەممەی ڕابردوو چاوم بە ڕۆناڵدۆ کەوت و پێی وتم کە لە دووەم یاری هەڵبژاردەکەی، هەستی بە فشار کردووە. بۆیە بە ڕێژەی %99 ڕۆناڵدۆ بۆ یاریەکەی سبەینێمان ئامادە نابێت.”

لە بارەی یانەکەی بەرامبەریان، گوتی: “ئەتاڵەنتا یانەیەکی زەحمەت و پڕ کۆششن. وەک گورادیۆلا وتی یاریکردن لە دژیان وەک وایە سەردانی دوکتۆر بکەیت، ڕەنگە بە ساغی بێیتە دەرەوە، بەڵام هێشتا هەست بە ئازار دەکەیت.”

دوای 12 هەفتەی یارییەکانی خولی ئیتاڵی، بیانکۆنێری بە 32 خاڵەوە پێشەنگە و ئینتەر 31 خاڵی هەیە و دووەمە. ئەتاڵەنتا پێنجەمن و 22 خاڵیان کۆ کردۆتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button