بۆچی ریال مەدرید دوو کاتژمێر بەر لە یارییەکان پێکهاتەی سەرەکی ئاشکرا دەکات؟
ریال مەدرید تاکە یانەیە پێچەوانەی نەریتی ئاسایی هەنگاوبنێت
یاریگا –
لە چەند ساڵی رابردوودا، ریال مەدرید پێچەوانەی یانەکانی دیکە، بەر لە وادەی یاسایی، پێکهاتەی سەرەکی یارییەکان ئاشکرا دەکات.
بۆ یاریی یەکلاییکەرەوەی ئەمشەویش، بەر لە وادەکەی خۆی بە زیاتر لە دوو کاتژمێر و نیو، پێکهاتەی سەرەکی لە رێگەی پلاتفۆرمەکانییەوە، ئاشکرا کرد.
هەرچەندە ئەمە لەڕووی تەکتیکییەوە رەنگە ئاشکراکردنی پێکهاتەی سەرەکی، سوودی بۆ بۆڕووسیا دۆرتموند هەبێت. بەڵام کارلۆ ئانچێلۆتی، نایەوێت نەریتی چەند ساڵەی بگۆڕێت و قسەی خۆی دەباتەسەر.
هۆکاری زوو ئاشکراکردنی پێکهاتەکەی بۆ وەرزی 2021/2022 دەگەڕێتەوە، تاوەکو ئەو وەرزە رۆژنامەنووسان لەڕێگەی پەیوەندییەکانیانەوە، دزەیان بە پێکهاتەی سەرەکی دەکرد و بەر لە وادەی یاسایی، لە میدیاکان بڵاویان دەکردە، ئەمەش نیگەرانی و کاریگەری نەرێنی لەسەر ریال مەدرید دروست دەکرد.
دزەپێکردنی پێکهاتەکان بووە نەریتێکی میدیاکانی ئیسپانیا، بەڵام کاتێک ئانچێلۆتی لەناکاو شوێنی زینەدین زیدانی لە راهێنەرایەتی مەدرید گرتەوە، ئەوکاتە میگێل ئانخێل دیاز، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی کادێنا کۆپ بەر لە هەموو یارییەکی ریال مەدرید، پێکهاتەی سەرەکی بەر لە وادەی دیاریکراودا بڵاودەکردەوە. ئەمەش کارلۆی زۆر نیگەران کرد.
بەردەوامی ئاشکرابوونی پێکهاتەی سەرەکی مەدرید، کارلۆی زۆر تووڕەکرد و لەپڕ بڕیاریدا، دوو کاتژمێر بەر لە یارییەکان، پێکهاتەی سەرەکی ئاشکرا بکات.
لە سەردەمی جۆزێ مۆرینیۆ، ئاشکرابوونی پێکهاتەی سەرەکی هەر هەبوو، تەنانەت جارێکیان سپێشەڵ وەن زۆر تووڕە بوو و ئیکەر کاسیاس، گۆڵپارێزی ئەوکاتەی مەدریدی بە دزەپێکردنی پێکهاتەکان تۆمەتبار کرد، بەڵام گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە تۆمەتەکەی رەتیکردەوە.
ئانچێلۆتی لە دوای گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید و لە یەکەم یاری دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریددا، دوو کاتژمێر پێش یارییەکە پێکهاتەی سەرەکی ئاشکرا کرد و نەریتێکی مێژوویی شکاند.
نەریتی ئێستای ریال مەدرید بریتییە لەوەی؛ سەرەتا پێکهاتەکە لە کەناڵی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و دوای چەند خولەکێک، پێکهاتەکە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکاتەوە.
نەریتی ئاسایی ئاشکراکردنی پێکهاتەی سەرەکی، یەک کاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکانە.