چامپیۆنزلیگ

ئەستێرەیەکی پێشووی بارسێلۆنا پاڵپشتی ریال مەدرید دەکات

Yariga App

یاریگا –

گاری لینیکر، ئەستێرەی پێشووی ئینگلیزی بارسێلۆنا، لە یارییەکەی ئەمشەودا پاڵپشتی ریال مەدرید دەکات.

ریال مەدرید ئەمشەو  لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی دۆرتمۆند دەبێتەوە. زۆرێک پێیان وایە یاریزانانی کارلۆ ئەنچیلۆتی پاڵێوراوی سەرەکین بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

لەکاتێکدا یاریزانانی پێشووی بارسێلۆنا هەمیشە پاڵپشتی تیمی بەرامبەری ریالیان کردووە، بەڵام ئەمجارە لینیکر پۆستێکی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە، ئاماژە بە یەکێک لە پۆستەکانی دۆرتمۆند دەکات و نووسیویەتی:

” بۆ یەکەمجار لە یاری کۆتایی رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ “پشتیوانی ریال مەدرید دەکەم.

ئەم ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا ئاماژەی بە گرێبەستی سێ ساڵەی دۆرتمۆند لەگەڵ کۆمپانیای رینمیتاڵ کە لە بواری بەرهەمهێنانی چەک کار دەکەن کردووە. واپێدەچێت لینکەر دژی هاتنی کۆمپانیاکانی بواری چەک سازییە بۆ جیهانی تۆپی پێ.

کۆمپانیاکە کارگەیەکی نوێ لە باشووری ئەڵمانیا دروست دەکات بۆ بەرهەمهێنانی 200 هەزار هاوەن لە ساڵێکدا لە چوارچێوەی پلانەکانی ئەوروپا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک لە دوای شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.

هاوکات هانس یواکیم فاتسکە جێگری سەرۆکی یانەی دۆرتمۆند دڵخۆشی خۆی بەم هاوکارییە دەربڕی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوروپا و هاوتەریب لەگەڵ بەرگریکردن لە ئازادی لە ئەڵمانیا پاڵپشتی بڕیارەکەی دۆرتمۆندی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button